ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا به سوودانی راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر رێگری له چوونی دۆلار بۆ ئێران نه‌كات، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی بێت. ئەمە لەکاتێکدایە هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له دوایین كۆبوونه‌وه‌یدا تاوتوێی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار و رێكاره‌كانی حكومه‌ت بۆ سەقامگیرکردنی به‌های دینار دەکات، نوری مالیكیش رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێك لایەن قەیرانەکان بۆ بابه‌تی سیاسی به‌كاردێنن.
“ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بدرێت و رێگری له چوونی دۆلار بۆ ئێران نەکرێت، ئه‌وا حكومه‌ته‌كه‌ت ده‌ڕووخێت”، ئه‌مه راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رزه كه به‌پشتبه‌ستن به نامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوودانی نووسیویه‌تی و ده‌ڵێت “له كاردانه‌وه‌ی ئه‌م هۆشدارییه‌ی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هێزێكی تایبه‌تی له دژه تیرۆر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی دۆلار به قاچاخ ده‌به‌نه ئێران له خاڵه سنوورییه‌كان جێگیر ده‌كات”.
رۆیته‌رز ئاماژەی بەوەداوە “ئه‌مه‌ریكییه‌كان له نامه‌كه‌یاندا به ئاشكرا رایگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر رێگری له قاچاخچێتی دۆلار نه‌كه‌ن و پابه‌ند نه‌بن به رێنماییه‌كانیان، ئه‌وا بانكی ناوه‌ندی عێراق رووبه‌ڕووی سزا توند ده‌بێته‌وه”.
ئەو ئاژانسە نووسیویه‌تی “چه‌ندین ساڵه له رێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی ئایینی و كۆمپانیای وه‌همییه‌وه دۆلار له عێراقه‌وه ده‌چێته توركیا و دواتر بۆ بریكاره‌كانیان له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست حه‌واڵه ده‌كرێت. ئه‌مه جگه له‌وانه‌ی رۆژانه‌ی دۆلارێكی زۆر له بازاڕه‌كاندا ده‌كڕن و به‌شێوازی جۆراوجۆر له خاڵه سنوورییه‌كانه‌وه ئاودیوی ئێرانی ده‌كه‌ن”.
ناجێگیری به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و هه‌ڵاوسانی نرخه‌كان له بازاڕ، بووه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی شەوی رابردووی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، كه تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی به‌های دۆلار كرا‌و و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌نگاو و چاره‌سه‌رییه‌كانی خستۆته‌ڕوو.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا به باڵیۆزی ئیتاڵیای له عێراق راگەیاندووه، ئەو رێوشوێنانەی حکومەت گرتوویەتیەبەر، هەنگاوێکە لە چوارچێوەی تێپەڕاندنی قەیرانی بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، هه‌ندێك لایەنی سیاسی هەوڵی سوود وەرگرتن و ئیستغلالکردنی قەیرانەکان بۆ بابەتە سیاسییەکانیان ده‌ده‌ن.
مالیكی ده‌شڵێت “حکومەتی نوێ خاوەنی خاڵی بەهێزه‌و به‌شێكی كێشه و ئاڵنگارییه‌كان له حکومەتی پێشووه‌وه بۆی بەجێماوە “.
هاوكات حوسێن عه‌لاوی راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئاستی هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه كه نێوانیاندا واژووكراوه.
عه‌لاوی ده‌ڵێت، سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی سوودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و پرسی دۆلار و دۆسێیه‌كانی مامه‌ڵه‌ی دامه‌زراوه داراییه‌كانی عێراق و ئاڵوگۆڕی وه‌به‌رهێنانی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له بواره‌كانی برنج، وێستگه‌ی كاره‌با، وزه، كه‌رتی دارایی، به‌رهه‌مه بازرگانییه‌كان و پێدانی چه‌ك به هێزه‌كانی عێراق له‌خۆده‌گرێت.
k24