فەلسەفەی هەڵپەڕین
هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە هێز و وزە فاکتەرێکی سەرەکی ژیانکردن بوون، دۆزینەوەی ئاگر ڕێرەوی ژیانی مرۆڤی لەسەر زەوی گۆڕی، بەهۆی ئاگرەوە مرۆڤ توانی خواردنی پڕ لە وزە و کالۆری دەستکەوێت و مێشکی پەرەبسەنێت، لە کاتێکدا مێشک پێنج یەکی ئەو وزەیە دەبات کە لەش دەستی دەکەوێ.
بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤ ئەو هێز و وزەیەی کە دەستی کەوتووە بۆ پێشکەوتنی ژیان و باشترکردنی کاروباری ڕۆژانەی خۆی بەکاری هێناوە، هاوتەریب لەگەڵ پێشڤەچوونی زانست و تەکنەلۆژیا وزەش بووژانەوەی باشی بەخۆیەوە بینیوە, بۆ نموونە وزەی کارەبا کە تەمەنی نزیکەی 136 ساڵ دەبێت، زەمەنێکە تەنیا لە چوارچێوەی ڕوناککردنەوەی شەوە تاریکەکان دەرچووە و بووەتە شادەماری بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ.
لە مێژووی گەلی کوردیشدا وەکو یەکێک لە دێرینترین گەلەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێز و وزە بە درێژایی مێژوو بەکارهاتووە بۆ کاروباری ڕۆژانە، خەبات و تێکۆشان و ململانێ لەگەڵ سەختی و ئاڵنگارییەکانی ژیان.
وەکو سروشتی لەمێژینەی مرۆڤ و کاردانەوەی بۆ باروودۆخ و دەورووبەری ، لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا، کۆمەڵێک ئاکار و رەفتاری خۆڕسک هەیە کە ئەنجامی دەدات.
شایی و دیلان و هەڵپەڕکێش وەکو کاردانەوەیەکی سروشتی لە مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت ، تایبەتتر گەلی کورد لایەنێکی دیار و بینراوی ژیانی ڕۆژانەیە.
بە شیوازێك کە لە هەموو بۆنە و گردبوونەوەیەك دەبێ چەند خولەک و کاتژمێرێك تەرخان بکرێ بۆ هەڵپەرکێ ، قوتابی دەچێتە کۆلێژ و ئاهەنگی یەکتر ناسین سازدەکرێ، وتاری ڕاگر و کۆمەڵێک بابەتی لاوەکی تر لە پێشەکی دا دەوترێ، دواتر سێ، چوار، جاری وا هەیە پێنج شەش کاتژمێر هەڵپەڕکێ و بەزم و سەفایە! چەند خێزانێك دەچنە گەشت و سەیران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، دەبینی لەولاوە چەند کەسێک دەستی یەکیان گرتووە و هەڵدەپەرن، جا لە هەمووی سەیرتر کاتێ کەناڵ ێك دەچێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکا، بەدەم هەڵپەڕین و شاییەوە و بە هەناسە بڕکێوە دەڵێن (سەفرەیەکی زۆر خۆشە، کەشێکی بەهاری خۆشە و دۆڵمەمان هێناوە، یاخوا بەخێربێن)
سەری ساڵەو هەر شوێنێک دەینینی ستەیجێك دانراوە و چەند بەندبێژ و هونەرمەندێكیان هێناوە، لە چواردەورەکەیشی شایی و لۆغان و هەڵبەز و دابەزە!
کەمپەینی هەڵبژاردنە و پارتە سیاسییەکان لەجیاتی خستنەڕووی بەرنامەی کاریان و بە لەبەرچاوگرتنی هزری خەڵک ،کام بەندبێژ و تیپی بەتوانایە دەیهێنن و ئەو خەڵکە بە گۆرانی و هۆنراوەکانیان هەڵدەپەڕن ، دەبێ هێزێکی تۆکمەش کاکی بەندبێژی نەخوێندەوار بگەیەنێتە سەر ستەیج گەرنا، سێڵفی و ماچ و دەستلەملانی جەماوەر کەشەکەی لێ تێکدەدەن!
جگە لەوەش، لە هەر پارت و لایەنێکی سیاسی چەندین بەندبێژ بێ بوونی هیچ پێشینەیەکی زانستی و پیشەیی و ڕۆشنبیری ،براونەتە بەرزترین پۆستەکانی حزبی و حکوومی
هەڵپەڕکێ لەناو کورددا لە زۆرکات بووەتە نمایشێکی بێمانا و دوور لە چێژ و شادی، چەندین کەس لەسەر سەرچۆپی کۆژراون و وەکو یەکەم داهێنانی کورد بە جیهان ناسێنراوە، لەماوەی ڕابردوودا وەکو لایەنی فەرمی بەنیاز بوون ناوی کورد بخەنە کتێبی گینسەوە، کە مەزنترین هەڵپەڕکێ بکرێ لە دەوری قەڵای هەولێر، لێ ستافی سەرپەرشتی کتێبەکە وتبوویان بڕۆنەوە ڕۆڵە خۆ ئەوە ڕێکلامی کەناڵە لۆکاڵییەکانتان نیە!
هەر هۆز و عەشیرەت و ناوچەیەکیش جۆرە هەڵپەڕکێیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەم بابەتە لەلایەن کورد ەوە لە خۆشی دەربڕین تێپەڕیوە و بووەتە سایکۆلۆژیایەکی جێگیر لە هزری تاک بە تاکی کۆمەڵگای کوردی، بەر لە ئاهەنگەکان کام خواردنی پڕوزە و هێزە دەخورێ تاوەکو توانایەکی باشتری هەڵپەڕکێ پێشکەشی چۆپیکێش بکا، لەبری بیرکردنەوە و پیشکەوتن، شایی و هەڵپەڕین عیلم و فەلسەفە ، پێشکەوتن وژیان ،بوون و مانەوەی کوردی لێ گرێدراوە!
تاوانی مەزنی ڕەشبەڵەک و تێکەڵبوونی کچ و کوڕ یش لەولاوە کە لەوانەیە چەندین ڕۆژ مرۆڤی باوەڕدار لە تووڕەیی پەروەرێنی مەزن دەربازی نەبێ.
عەبدولقادر ڕەسوڵ