داهاتی یەک مانگی مەرزەکانی عێراق 100ملیار دینارە
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رایگەیاند، بۆ پاراستنی مەرزەکان و سەرجەم ئەو كۆنتێنەرانەی ماددەی كیمیاییان تێدایە گواستراونەتەوە شوێنێكی دوورەدەست، مانگی رابردوو داهاتی مەرزەکان گەییشتۆتە نزیكەی 100 ملیار دینار.
عومەر وائلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنووریەكانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەستەی دەروازە سنووریەكان دەستیكردووە بە پێكهێنانی لێژنە لە مەرزەکان بەسەرۆكایەتی بەڕٍێوەبەری دەروازەكان و ئەندامێتی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ پشكنینی هەموو ئەو كۆنتێنەرانەی ماددەی كیمیاییان تێدایە و بە هۆكاری جیاجیا لە دەروزازەكان ماونەتەوە”.
وائیلی دەشڵێ” لە پێناو پاراستنی مەرزەکان و ئاساییشی خەڵک دەستكراوە بە چۆڵكردنی مەرزەکان لە كۆنتێنەرەكان و گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی دوور ، بەندەرە دەریاییەكان زۆرتری فشاریان لەسەرە و زۆرترین كۆنتێنەر لە بەندەرەكان دادەگیرێن.
سەبارەت بە بڕی داهاتی مەرزەکانیش عومەر وائیلی وتی “سەرەڕای نەهێشتنی باجی گومرگی و بەخشینی زۆربەی كاڵاكان و داخستنی زۆربەی مەرزەکان بەهۆی كۆرۆنا، داهاتیان لە مانگی تەمووزی رابردوو گەییشتۆتە نزیكەی 100 ملیار دینار”.