مەلا بەختیار لەبارەی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی حزبەكەوە هۆشداریی توند دەدات.
مەلا بەختیار لە نووسینێكدا كە بە ناونیشانی (میدالیای خانەنشینی یان شەرمەزاری؟) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”دوو رۆژە، پەیجێكی تایبەتی، باس لەوە دەكات گوایە سەرۆكی یەكێتی بەرنامەی هەیە لە پلینیۆمێكدا، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی خانەنشین بكات و میدالیای رێزلێنانیش بكاتە بەرۆكیان. بەندە هیچ دڵنیا نیم ئەم قسانە راست بن. بەڵام نەكا دووكەڵەكە بێ ئاگری هەندێك كەسانی دەوروبەری سەرۆكی یەكێتی نەبێ، بەتایبەتی دەبوایە هەواڵەكە بەدرۆ بخرێتەوە، تا ئێستا هەواڵەكە وەكوو خۆی پەخش دەكرێ و درۆ یان راستییەكەی، ساغ نەكراوەتەوە.“
مەلا بەختیار، چەند خاڵێك وەك روونكردنەوە ئاماژە پێدەدات و نووسیویەتی: ”لەناو یەكێتیدا، تەنها كۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بدات. ئەگەر كۆنگرەش بەسترا، یەكەمین ئەركی پێویستە ئەوە بێت چوارەمین كۆنگرە قانگ بدات و چەشنی لاپەڕەیەكی شەرمەزاری لە ئەرشیفی یەكێتییدا، بلۆكی بكات.“
جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێش ئەوەی بیر لە ئەنجوومەنی باڵا بكرێتەوە، با بیر لە پاككردنەوەی گەندەڵی و پێشێلكاری لە پرەنسیپەكانی حزبایەتی و غەدركردن لە هەزاران كادیر و ئەندام و نووسەر و بێژەری ماندوو، بكرێتەوە.
مەلا بەختیار نەیشاردووەتەوە كە لەنێو یەكێتیدا ”رۆژگار وای لێ هاتووە، پێوەری حزبایەتی و خەباتی مێژوویی و شكۆی سەنگەرەكانی سەرخستنی یەكێتی لە هاوكێشەكاندا، هەر هەمووی دەكرێتە قوربانیی رق و قۆرخكاریی دەسەڵات و سیاسەتی هەلپەرستی.“
هەروەك ئاشكرای كردووە: ”كێشەی سەرەكیی یەكێتی، چارەسەرنەكردنی نادادپەروەری و قووڵبوونی ناكۆكییەكانیەتی لەگەڵ پارتی و گەڵاڵەنەكردنی پرۆژەیەكی نوێی هاوپەیمانی لەم سەردەمەدا و لەم بارودۆخەدا و لەم قەیرانانەی كوردستان تێی كەوتووە. نەك ئەنجوومەنی باڵا كە ئەگەر بە گەلێ هۆكارەوە، هۆكارێكی خودی ئەنجوومەنەكەیە كە خراوەتە پەراوێزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجوومەنەكە تەنها هۆكاری چارەسەر بووە، نەك ئەم دۆخەی یەكێتی و كوردستان تێی كەوتووە.“
لە كۆتاییشدا هەڕەشەی كردووە و رایگەیاندووە: ”هەر كەسێك زات بكات پێشنیازی خانەنشینی بۆ ئەنجوومەنی باڵا بكات، با ناوی خۆی ئاشكرا بكات (نەك بەناوی سەرۆكی یەكێتییەوە درۆ بكەن)، هەتا پێناسەكەی لە گیرفانی ئاوساویەوە بۆ باقی عەیب و عارەكانی بخەینە ڕوو!“