ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندنی حکومەت لە بەغدا دەخرێتەڕوو، هەروەها پلانی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا تاووتوێ دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی کانوونی یەکەمی 2022) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت و تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دوو تەوەری دیکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کە بریتین لە، خستنەڕووی زانیاری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی و خستنەڕووی پلانی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.
بەپێی زانیارییەکابن، سێ وەزیری یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری دەکەن.