بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی، كوڕە بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە پاسەوانەوە هەڵدەكوتێتە سەر كافتریایەكی شاری سلێمانی.
ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە كە ماڵپەڕی (درەومیدیا)ی نزیك لە یەكێتی لە سلێمانی بڵاوی كردۆتەوە، تێیدا دەردەكەوێت كە كەسێك لەگەڵ چەند پاسەوانێك چۆتە سەر كافتریایەكی شاری سلێمانی، بەڵام ناوی كافتریاكە ئاشكرا نەكراوە.
ماڵپەڕەكە ئەوەشی دركاندووە كە ئەو كەسەی هەڵیكوتاوەتە سەر كافتریاكە، كوڕی بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتییە و بۆ ڕفاندنی كارمەندێكی كافتریاكە ڕۆشتوون.
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، تا ئێستا دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی هیچ وردەكارییەكیان لەمبارەیەوە نەخستۆتە ڕوو، تەنانەت ئەوەش ئاشكرا نەكراوە كە ئاخۆ ئەو كەسە كێیە كە كوڕە بەرپرسەكەی یەكێتی بۆ ڕفاندنی چۆتە سەر كافتریاكە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە سلێمانی ڕۆژانە كوڕانی بەرپرسانی یەكێتی كاری نایاسایی جۆراوجۆر دەكەن و بە هیچ و چەك ڕووبەڕووی هەر كەسێك دەبنەوە كە بەرگری لە مافەكانی خۆیان بكەن. لەم چوارچێوەیەش ماوەیەك لەمەوبەر كوڕی سەركردەیەكی یەكێتی بە ناوی (حەمەسوور دووشیوانی) كارمەندی سكیوریتیی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی كوشت، كوڕی سەركردەیەكی دیكەی یەكێتیش بە ناوی (جەمیل هەورامی)، خەزووری خۆی دایە بەر گوللە و ژنخوشكێكیشی لەبەرچاوی خەڵك ڕفاند.