سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بریاری دا بە تۆمارکردنی داوای یاسایی دەربارەی بردنی ژمارەیەک لە دۆسیە لە بەرێوەبەرایەتی خانووبەرەی چەمچەمال لە لایەن هێزێکی چەکدارەوە.
لە راگەیەندراوێکی یەکەی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیدا هاتووە “سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان دادوەر ( کاوە فتحی معصوم ) دەربارەی کەیسی بردنی ( ٣٥٠ – ٤٠٠ ) دۆسیە کە لە رێکەوتی ٦/٢٢/٢٠٢٢ هێزێکی ( ٥٠ ) کەسی هەلیان کوتایە سەر بەرێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەمال دوای شکاندنی قوفلی ژووری دۆسیەکان سەرجەم دۆسیەکانی ناوچەی ( قادر کەرەم ) یان بردووە بۆیە بریاری دا لە رێگای جێگرایەتی داواکاری گشتی چەمچەمال بە جوڵاندنی سکالای یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسیانەش بگەرێنرێنەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی تۆمار کردنی خانووبەرەی چەمچەمال.”