مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 5 ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئامادەکاری دەستبەکاربوونی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کرد کە یاساکەی بە ژمارە 6 ساڵی 2022 لە 2022/8/4 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی هەبوونی ئەم دەستەیە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم دەستەیە ئەوەیە، کۆمەڵێک پێوەر و ستانداردی کارپێکراوی نێودەوڵەتی یەکگرتوو، بۆ خوێندن و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دابنرێت و کار بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی ئاستی کوالیتی زانستی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی تایبەت و گشتی بکات بۆ دڵنیابوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و زانستی دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ، سەرەڕای دانانی پێوەری گونجاو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی متمانەبەخشین لە ڕێگای ڕێکخستنەوەی پرۆسەی پێداچوونەوە و چاودێریکردن و پشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەیی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکان.

لە کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە وەزیرەکانی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و پەروەردە و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دیدگا و پەیامی خۆیان بۆ میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە خستەڕوو لەگەڵ ڕوونکردنەوەی توانای ئێستای وەزارەت و دامەزراوەکان وچۆنیەتی سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پرۆگرام و تواناکان بە ئاراستەی هێنانەدی ئامانجەکانی یاساکە. 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێکار و هەنگاوە بەراییەکانی دەستبەکاربوونی ئەم دەستەیە و ئەنجومەنەکەی کرا کە بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەوەکەی پێکبهێنرێت و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و پەسەند بکرێت.

ھەواڵی زیاتر