بەبۆنەی ناساندن و دەستبەکاربوونی سیستمی ئەلیکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا پێشوازیی لە کردنەوە و دەستبەکاربوونی یەکەم پۆرتاڵی تایبەت بە سیستمی ئەلیکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکانی حکومەت کردووە و دەڵێت، “دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتییەکان، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارابوونی زیاتری دارایی گشتی و پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووک و مامناوەند دەکات و برەو بە پیشەسازیی نوێ دەدات و سەرەنجام جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات.”
وەزارەتی پلاندانان لە ئێستاوە دەستی بە نوێکردنەوەی رێنوێنییەکانی تەندەرە گشتییەکان و راھێنان بە بەڵێندەران کردووە بۆ شارەزابوون لە بەکارهێنانی پۆرتاڵی نوێ، مەسرور بارزانی دەڵێت، خۆشحاڵە بەوە و “لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەو سیستمە لە گشت وەزارەتەکانی حکومەتدا جێبەجێ دەکرێت.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەم خزمەتگوزارییە، یەکێک بوو لە دەستپێکی خزمەتگوزارییەکان کە لە ناوەندی داتاکانی حکومەتی هەرێمدا ئامادەكاریی بۆ کرا و یارمەتییەکی زۆری حکومەت دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە داتاکان و بینینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بەردەست لە کەرتی تایبەتدا.