دەقی ڕوونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەکی پێویست بۆ بەرچاوی رایگشتی
بەڕێزان، ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی کوڕەکەمان “نەقیب محەمەد لەتیف” تێدەپەڕێت. نەقیب محەمەد ئەوکاتەی شەهیدکرا لە ئەرکی فەرمیدا بوو، پاڵپشت بە فەرمانی دادوەر، لەگەڵ چوار ئەفسەری دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا راسپێردرابوون داواکراوێک دەستگیربکەن، بەڵام هێرشیانکرایە سەر.
سەرباری سوپاس و پێزانینمان بۆ پشتیوانی و فشاری دڵسۆزان و لایەنی پەیوەندیدار لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، بەڵام جێگەی خۆیەتی ئەمڕۆ ئەوەش لەگەڵ دڵسۆزانمان بەشبکەین، کە دۆسێی دادگاییکردنی تاوانبارەکان گەیشتووە بەکوێ.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی، کە پرسەی کوڕەکەی ئێمە پرسەیەکی گشتیی خەڵکی کوردستان بوو، هەموان وەکو خێزانەکەی غەمباربوون بۆ لەدەستدانی گەنجێکی دڵسۆز و پڕ لە وزەو بوێری وەکو کاکە محەمەد. بەڕێزان بەداخەوە، ئێمە هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر و تازەمان پێ نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی رەوشی دادگاییکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، کە جگە لە شەهیدبوونی نەقیب محەمەد، برینداربوونی چوار پۆلیسی دیکە و سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و زیاتر لەوەش تاوانی “هەڵاتن لەدەستی یاسا”ی تێدایە.
وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیرکردنی تاوانباراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێکی دادگا بەڕێوەنەچووە. رەنگە زۆریی کەیسەکان لە دادگا وایلێکردبین ئەم دواکەوتنەمان قبوڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دۆسیەکەدا قبوڵناکەین.
بەلامانەوە گرنگە بۆ هەموان روون بێت، کە لایەنی داواکار لەسەر ئەم کەیسە تەنها ئێمە نین، بەڵکو حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی پێکەوە هەموومان وەکویەک خاوەنی کەیسەکەین و تەنها رێگەیش بە یاسا و دادگا دەدەین کاری خۆی بکات.
ئەم روونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی، بەوپێیەی رۆژانە پەیوەندییەکی زۆری دۆستان و دڵسۆزان و دەزگا میدییاییەکانمان بۆ دێت، کە هەر وەکو ئێمە لەخەمی کەیسەکەو بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکاندان.
ماڵی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف هەرگیزا و هەرگیز نە سوڵحمان کردووە و نە سوڵحیش دەکەین، نە هیچ دانیشتنێکی کۆمەڵایەتیی قبوڵدەکەین بۆ لەدەستدانی ئەم رۆڵە ئازیزەمان. بەڵکو تەنها چاومان لە دادگایە و هیوامانوایە “یاسا” کاری خۆی بکات و هەر خۆی سەروەر بێت.
ماڵی شەهید نەقیب محەمەد
4ی کانوونی یەکەمی 2022
ساڵێک پاش شەهیدبوونی کاکە محەمەد