ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە رۆژئاوا یارییەکی “مەترسیدار و خوێناوی و پیس” بە ئۆکرانیا دەکات، بەڵام درەنگ یان زوو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار دەبن لەگەڵ مۆسکۆ قسە بکەن.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، پوتین لە لێدوانێکیدا لە کۆڕبەندی دیالۆگی ڤاڵدای رۆژی پێنجشەممە، رایگەیاندووە: “رۆژئاوا بەهۆی کۆلۆنیالیزمەوە کوێر بووە و هەوڵدەدات تەواوی جیهان قووت بدات”.
پوتین: مرۆڤایەتی دوو ڕێگای هەیە.
پوتین هۆشداری دایە رۆژئاوا و دەڵێت: “ئەو کەسەی با دەچێنێت گێژەڵوکەیەک دەچنێتەوە”، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە “دۆخی جیهان بەرەو خراپترین سیناریۆ دەڕوات”.
پوتین ئاماژەی بەوەدا کە جیهان بە وەرچەرخانێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، کە مەترسیدارترین و گرنگترین وەرچەرخانە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
دەشڵێت “ئەو قەیرانە ئێستا كاریگەری لەسەر هەمووان هەیە، وە مرۆڤایەتی دوو رێگەی هەیە، یان بەرەو داڕمان هەنگاو بنێت یان پێكەوە كار لەسەر سیستمێكی نوێ بكەین”.
چەکێک بۆ بڕینی نەیارەکانی
پوتین رۆژئاوایی تۆمەتبار کرد بەوەی کە سزای ئابووری وەک چەکێک بۆ سنووردارکردنی نەیارەکانی بەکاردەهێنێت، چونکە ناتوانێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رکابەری لەگەڵ دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی ئاسیا بکات کە لە گەشەکردندایە.
هەروەها پێیوابوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بپارێزن، ئەو کارانە دەکەن.
هەزاران سزای توند
جێگای ئاماژەیە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕوسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەزاران سزای توندیان بەسەر ڕوسیادا سەپاندووە، کە کاریگەریی لەسەر هەموو کەرتە ئابووری و بازرگانییەکان هەبووە، هەروەها سیاسەتمەداران، پەرلەمانتاران و وەزیرەکان، جگە لە زۆرێک لە دەوڵەمەندانی وڵاتەکە کە پشتگیری لە کرێملین دەکەن.
ئەمریكا دەستی بەسەر نزیكەی 600 ملیۆن دۆلاردا گرت كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی روسیاوە لە بانكەكانی ئەمریكادا بوون.
جگە لەوەش، سەروەت و سامانی بانکی ناوەندی بلۆککرا، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی یەدەگی دراوی بیانی، کە بڕی 630 ملیار دۆلار بوو.