حكوومه‌تی تازه، ململانێی تازە
دوای زیاتر له ساڵێك له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مان سه‌رۆك كۆمارێك هه‌ڵده‌بژێرێت و كۆماری عێراق ده‌بێت به خاوه‌ن سه‌رۆك. ئه‌م هه‌ڵبژاردن و گه‌یشتن به‌و رێككه‌وتنه، دوای ململانێ و قه‌یران و چه‌قبه‌ستوویی و ناسهقهماگیرییهكی زۆر هاته كایه‌وه. دواتر به‌پێی ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار كه‌سێكی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت كه (محه‌مه‌د شیاع سوودانی)یه و ده‌بێت له ماوه‌ی دیاریكراودا، حكوومه‌تێكی تازه پێكبهێنێت به به‌شداریی زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق و به‌پێی رێژه‌ی ده‌نگ و قه‌باره و كورسییه‌كانی دواین هه‌ڵبژاردن كه له عێراقدا ئه‌نجام دراوه.
حكوومه‌ت و پێكهێنانی حكوومه‌ت له عێراق، یه‌كێكه له ئالنگاری و كاره هه‌ره سه‌خته‌كان، ره‌نگه ئه‌م ئاڵۆزی و سه‌ختییه پێوه‌ندی به سروشتی ململانێ و دینامیكیی سیاسییه‌وه هه‌بێت له عێراق و پێوه‌ندی به‌و دابه‌شبوون و جه‌مسه‌رگیری و لێكدابڕانه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت جیۆگرافییهش هه‌بێت كه له عێراقدا ئاماده‌ن.
هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه تا ده‌گاته ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته عێراق و عێراقییه‌كانی له ناودا ده‌ژین، حكوومه‌ت لای عێراق هه‌م ده‌زگا و هه‌میش كرده‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و ئاڵۆزه، چ له‌ڕووی پێكهێنانه‌وه و چ له ڕووی ئه‌كته‌ره‌كانی ناوی و ئه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و مانا و چوارچێوه‌ی بۆ دیاری ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌سی كاندیدكراو بێ پارتی سیاسی بێت و هیچ كه‌س و لایه‌ن و هێزێكی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی پاڵپشتی راسته‌قینه‌ی نه‌كه‌ن، له‌و گۆڕه‌پانه‌كه ته‌نیا و بێ دۆست و هه‌ڤاڵی سیاسی و دیپلۆماسی بێت.
نه‌بوونی حكوومه‌تی به‌هێز و كارا و كاریگه‌ر، گرفتی گه‌وره بۆ حوكمداری و بنه‌ماكانی فه‌رمانڕه‌وایی دروست ده‌كات له عێراق، به‌تایبه‌ت كاتێك فه‌لسه‌فه‌ی حكوومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای نادروست و چه‌ند پێوه‌رێكی نازانستی داده‌مه‌زرێت.
دووه‌م/ حكوومه‌تی نوێ و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه
له سیستمی سیاسی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا، دوو بنه‌ما و سیاسه‌ت هه‌ن كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاراسته ده‌كرێن:
بنه‌مای یه‌كه‌م، سیاسه‌تی ناوخۆ كه زیاتر پێوه‌سته به كاروباری ناوخۆ، هاوشێوه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی باج، پرسی ئاسایش، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌تاییه‌كان و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و خۆشگوزه‌رانی به‌گشتی.
بنه‌مای دووه‌م، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه، واته پێوه‌ندی و پێگه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی و وڵاتانی تر و هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له دوای ٢٠٠٣وه گۆڕانی ریشه‌یی به‌سه‌ردا هاتووه، به‌تایبه‌ت كاتێك كۆماری ئیسلامیی ئێران ههژموونێكی یه‌كجار گه‌وره دروست ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ردوو سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حكوومه‌ته تازه‌یه پێناچێت گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره و ریشه‌یی به‌سه‌ردا بێت، به جۆرێك كه له پێش خۆی نه‌چێت و دید و په‌یامه‌كانی به‌ته‌واوه‌تی بگۆڕێت. به‌تایبه‌ت سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌رانبه‌ر ئێران و پاشكۆ و هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران.
له‌لایه‌كی تره‌وه، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌رانبه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانی تر و ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن هه‌ژموون و باڵایی و بڕیارن به‌سه‌ر عێراقدا، وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا عێراق له‌ڕووی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی لاوازه و ناتوانێ ناسنامه و پێگه و بڕیاری سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، به‌ڵكو زیاتر وه‌ك كارتێكراو و یاریپێكراو ده‌رده‌كه‌وێت و زیاتر له حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی وڵاتانی تر ده‌چێت، ئه‌مه یه‌كێكه له خاڵه هه‌ره لاوازه‌كانی هه‌موو حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كانه‌ی عێراق له دوای ٢٠٠٣ و به‌ته‌واوی له سه‌ربه‌خۆبوون و بڕیاری سیاسیی سه‌ربه‌خۆ و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی عێراق، دووری خستووه‌ته‌وه و زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندووه، هه‌م له ئاستی سیمبولی و هه‌میش له ئاستی كرداری و له گۆڕه‌پانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا.
سێیه‌م/ دۆسیه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و بێكاری
دیاره كۆمه‌ڵێك پرسی دوورمه‌ودا و هه‌نووكه‌یی به‌رۆكی عێراقی گرتووه و ئه‌گه‌ر له ماوه‌یه‌كی كورتدا چاره‌سه‌ری به‌په‌له و گشتگیر و زانستییانه‌ی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، ره‌نگه قه‌یرانی سیاسی گه‌وره‌تر و قووڵتر رووبه‌ڕووی عێراقییه‌كان بكاته‌وه.
یه‌كێك له‌و قه‌یرانانه گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و پرۆسه‌ی به بیابانبوون و وشكه‌ساڵی و كۆچی گوندنشینانه بۆ شار و پیسبوونی هه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌یه.
ره‌نگه به‌شێكی پرسی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو پێوه‌ندی به سیاسه‌تی ئاوه‌وه هه‌بێت له‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمی و دراوسێی وه‌ك ئێران و توركیاوه، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تر پێوه‌سته به كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی ژێرزه‌وی له عێراق و نه‌بوونی سیستم و به‌ڕێوه‌بردنێكی هاوچه‌رخ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه بۆ ئاو و به‌فیڕۆنه‌دانی ئاوی خواردنه‌وه.
گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به گشتی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زۆرترین كه‌س و بوار و لایه‌ن داده‌نێت، به جۆرێك ره‌نگه حكوومه‌تی عێراق نه‌توانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پرسه بێت و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه و هاووڵاتییان له زیانه‌كانی بپارێزێت.
دۆسیه‌ی بێكاری و له ناویشیدا بێكاری گه‌نجان، یه‌كێكی تره له ئاسته‌نگه هه‌ره گه‌وره‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق و داتا و ئاماره‌كانی تایبه‌ت به بێكاری، یه‌كجار مه‌ترسیدارن و رێژه‌یه‌كی زۆری گه‌نجانی عێراق ته‌نانه‌ت له دوای ته‌واوكردنی خوێندن و زانكۆیش، بێكارن و ناتوانن نه له كه‌رتی تایبه‌ت و نه له كه‌رتی گشتیدا ده‌رفه‌تی كار به‌ده‌ست بێنن، ئه‌مه‌یش گوشارێكی زۆر بۆ حكوومه‌ت دروست ده‌كات و ئه‌گه‌ری توندوتیژی و خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له كۆتاییدا شێوه‌یه‌كی تر له ناسه‌قامگیری رووبه‌ڕووی حكوومه‌ت ده‌كاته‌وه.