لەگەڵ درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە کە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران ڕابگرن و ئەو منداڵانەش ئازاد بکرێن کە دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 18-10-2022 وتەبێژی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد کە “بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران ڕابگرن و داوای ئازادکردنی خێرای ئەو کەسانەشی کرد کە بە دەستبەسەر کراون”.
ڕاڤینا شەمدەسانی، وتەبێژی نوسینگەی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مامەڵەی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران و ڕاپۆرتەکانی دەستبەسەرکردن و کوشتن و دەستبەسەرکردنی منداڵان، جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە.
شەمداسانی داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد کە لێکۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن و سەربەخۆ لە هەموو پێشێلکارییە گوماناوییەکان ئەنجام بدەن و دڵنیابن لەوەی کە ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە دادگا دەدرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە خۆپیشاندانە ئەم دواییەی ئێراندا، لانیکەم 23 منداڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون، سەدان کەسیش برینداربوون، هەروەها هەزاران کەس دەستگیرکراون یان ئەشکەنجە دراون.
هاوکات دەسەڵاتدارانی ئێران پەنایان بردە بەر سەرکوتکردن و توندوتیژی، جا چ بە بڕینی ئینتەرنێت بێت، چ بە بەکارهێنانی هیزی سەربازی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، یان دەستگیرکردنی خوێندکارانی زانکۆ و تەنانەت منداڵانی قوتابخانەکان.