نێچيرڤان بارزانى: گرنگه‌ حكومه‌تى نوێى عێراق كاره‌ له‌پێشينه‌كانى ده‌ستنيشان بكات

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 18ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) له‌ هه‌ولێر، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مارك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى شانشينى يه‌كگرتوو (به‌ریتانیا) له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى، دوايين پێشهاته‌كان و پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و ئه‌ركداركردنى سه‌رۆك وه‌زيرانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵى، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكرده‌وه‌،‌ گرنگه‌ حكومه‌تى نوێى عێراق كاره‌ له‌پێشينه‌كانى ده‌ستنيشان بكات و خزمه‌تگوزارى و ده‌رفه‌تى كار پێشكه‌ش بكات، ده‌رفه‌تيشى هه‌يه‌ هه‌ندێك له‌ كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات ده‌بێ ستراتيژى بيربكه‌نه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و گێڕانه‌وه‌ و پاراستنى سه‌قامگيرى بكه‌ن.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبووونه‌وه‌كه‌ بوو، تێيدا جه‌خت له‌ گرنگيى پاراستنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌، ‌هه‌ردوولاش هاوڕابوون كه‌ له‌ بوارى ديموكراسيدا وڵاتانى دۆست و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ نزيكه‌وه‌ چاودێريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانييان هه‌يه‌ به‌ربه‌ست و كێشه‌كانى به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ربكرێن.

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا و ده‌رفه‌تى فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى كار و وه‌به‌رهێناندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.

ھەواڵی زیاتر