دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ له‌ كوشتی‌ ناوخۆییه‌وه‌ تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌؟

له‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو كه‌تنه‌ی‌ كه‌ له‌ دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ رابردوو ئه‌نجامی دا، ئێسته‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ داوا ده‌كرێ‌ دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ بخرێته‌ لیستی‌ تیرۆر.

دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا، به‌تایبه‌ت دوای‌ هه‌شتی‌ ته‌مووزی‌ ساڵی‌ ڕابردوو، به‌ ته‌واوی‌ كه‌وتنه‌ گیانی‌ كادر و لایه‌نگرانی‌ خۆیان له‌ گرتن و لێدان و تیرۆركردنه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد، تا دوا كرده‌یان كه‌ تیرۆركردنی‌ عه‌قید هاوكار جاف بوو.

تیرۆركردنی‌ هاوكار جاف له‌ هه‌ولێر كاردانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمان داوایان كرد، به‌شداری‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ن و بۆیان روون بووه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایش، به‌ ته‌واوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ گه‌یاندووه‌ته‌ بنبه‌ست.

لاهوور جه‌نگی‌ كه‌ پێشتر هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ بوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ كێشه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌ ئێسته‌ له‌ كاره‌كه‌ی‌ لادراوه‌، دوای‌ كوشتنی‌ عه‌قید هاوكار جاف، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێ‌.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان, له‌و رۆژه‌وه‌ی‌ عه‌قید هاوكار جاف له‌ هه‌ولێر تیرۆر كراوه‌، لاهوور جه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ تیمێكی‌ هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر هێڵ بووه‌ و داوای‌ كردووه‌ به‌شداری‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا بكه‌ن، له‌ به‌یاننامه‌ی‌ دوای‌ ددانپێدانانی‌ گرووپه‌كی‌ كوشتنه‌كه‌ی‌ عه‌قید هاوكار جاف له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشه‌وه‌، لاهوور جه‌نگی‌ ده‌ستخۆشی‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایش هه‌بوو، ئه‌وه‌یش به‌ ته‌واوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانانی‌ دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكرێ‌. 

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ له‌ ئارادا نییه‌، به‌ڵام پێده‌چێ‌ سووكترین بڕیاری‌ هاوپه‌یمانان، راگرتنی‌ هاوكارییه‌ لۆجستی‌ و مادییه‌كان بێت بۆ دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ و به‌وه‌یش به‌ ته‌واوی‌ لاواز بكرێن.

دژه‌تیرۆری یه‌كێتی، دوای‌ ساڵی‌ 2003 له‌سه‌ر پێشنیازی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی‌ ئه‌و حزبه‌ دامه‌زراوه‌. ده‌زگاكه‌ به‌رده‌وام بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكانی‌ ناو حزبه‌كه‌ به‌كار هاتووه‌ و دواجار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نێوان لاهوور جه‌نگی‌ و بافڵ تاڵه‌بانی‌ خرایه‌ گه‌ڕ.

دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌، چونكه‌ له‌ بنه‌ماكه‌یه‌وه‌ پره‌نسیپ و دامه‌زراوه‌یی نه‌بووه‌، بۆیه‌ وه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ لۆكاڵی‌ ده‌بینرێ‌ و له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوویشدا هه‌وڵی‌ زۆر هه‌بووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ كوردستان رێكبخرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كاندا لایان داوه‌.

كرده‌كانی‌ دژه‌تیرۆر بۆ تیرۆری‌ ناوخۆیی

له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2019، كرده‌ تیرۆریستییه‌كان زیاتر بوون به‌تایبه‌ت تیرۆری‌ ناوخۆیی‌، هه‌واڵی كوژرانی ڕۆژنامه‌نووس ئامانج بابانی و لانه‌ی هاوسه‌ری و منداڵه‌كه‌یان، یه‌كه‌م كرده‌ی‌ تیرۆریستیی‌ ئه‌و ساڵانه‌ی‌ دوایی بوو.

دواتر كرده‌ی‌ جۆراوجۆر ده‌ستی‌ پێ كرد و ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرابوو، ده‌نا سه‌تانی‌ تر به‌ نهێنێ‌ له‌ناو دژه‌تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ و ده‌زگای‌ زانیاری‌ رووی‌ داوه‌، جگه‌ له‌ كرده‌وه‌ی‌ له‌كه‌داركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆی‌ سێكسیی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و هه‌ڕه‌شه‌.

ئه‌و ده‌زگا لۆكاڵییه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ ده‌ستی‌ به‌ خوێنی‌ ده‌یان كادر و لایه‌نگری‌ حزبه‌كه‌یش سووره‌، بوونه‌ته‌ مۆته‌كه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ سلێمانییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ویستیان به‌ تیرۆركردنی‌ عه‌قید هاوكار جاف له‌ به‌رچاوی‌ ژن و منداڵه‌كه‌یدا، دۆخی‌ هه‌ولێریش تێكبده‌ن، به‌ڵام هه‌رزوو پیلانه‌كانیان له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ پووچه‌ڵ كرایه‌وه‌.

به‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ ململانێكانی‌ ناو یه‌كێتی‌ و ده‌زگای‌ زانیاری‌، له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا به‌تایبه‌تتر كه‌ لاهوور جه‌نگی‌ قۆڵی‌ خۆی‌ لێ‌ هه‌ڵماڵیوه‌ و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، پێناچێ‌ داهاتووی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ رۆشن بێت.   13 

 وشە

ھەواڵی زیاتر