بەشێك لە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە 17-10-2022 داوای سزادانی زیاتری ئێران دەکەن ئەگەر تێوەگلانی تاران لە شەڕی ڕوسیا دژی ئۆكرانیا بسەلمێنرێت.
ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی ڕوسیای بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهد-136 دروستکراوی ئێران ڕاگەیاندووە و ئێران رەتیدەکاتەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ روسیا دابین بکات، لە کاتێکدا کرێملین هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
جۆزێپ بۆرێل، لەکاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: “ئێمە بەدوای بەڵگەی کۆنکرێتیدا دەگەڕێین سەبارەت بە بەشداریکردنی “ئێران لە جەنگی ئۆکرانینا”.
هەرچەندە ڕۆژی دووشەممە پێشبینی نەدەکرا هیچ بڕیارێکی ورد دەربکرێت، بەڵام بەپێی وتەی دوو دیپلۆماتکار کە بەشداربوون لە ئامادەکردنی دانوستانەکانی نێوان وەزیرەکان، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت بڕیار لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا بدات.
وەزیری دەرەوەی دانیمارک، جێپی کۆفۆد رایگەیاند، پێویستە یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەی توندی هەبێت بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییە نوێیەکان بۆ سەر کیێڤ کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراون.
کۆفۆد وتی: “ئەوەی ئێستا دەیبینین: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەڕواڵەت بۆ هێرشکردنە سەر ناوەڕاستی کیێڤ بەکاردەهێنرێن و ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی ئەوروپا ناچار بوو “هەنگاوی کۆنکرێتی” لە وەڵامی ئەوەدا بنێت.
یەکێتی ئەوروپا قەدەغەی گەشتکردن و بلۆککردنی سەروەت و سامانی نزیکەی 15 ساسیی ئێرانی راگەیاند کە تێوەگلاون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە دەستبەسەری پۆلیسدا خۆپیشاندان سەرتاپای وڵاتەکەی گرتۆتەوە.
فەرەنسا و ئەڵمانیا کە هەردوو لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران بوون، بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە ک سزای نوێ بەسەر ئێراندا پێویستن.
ژان ئاسێلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ وتی: سزاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران نابێت تەنیا خستنە نێو لیستی ڕەشەوە بێت، ئەگەر دەستوەردانی تاران لە شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا بسەلمێنرێت.