کەسوکاری موراد کانیکوردەیی دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەکەن و ڕەخنە لەوانەی سلێمانی دەگرن کە بکوژی مورادیان دەستگیر نەکردووە.
ئاگاداركردنەوەیەك بۆ دام و دەزگا تایبەت مەندەكانی سنوری ژێر فەرمانڕەوایی یەكێتی…
وا نزیك دەبینەوە بۆ ساڵێك بەسەر كەیسی تیرۆركردنی شەهید لیوا موراد كانی كوردەیی برام و هاوڕێكانی، وێڕای دان بەخۆداگرتنمان دوای ئەم ماوە دوورو درێژە مخابن دام و دەزگا تایبەت مەندەكانی سنوری ژێر فەرمانڕەوایی یەكێتی نەیانتوانی بكەرانی ئەم كردەوە تێرۆریستیە دەستگیر بكەن و ڕووبەڕوی یاسایان بكەنەوە.
ڕۆژی هەینی ٧-١٠-٢٠٢٢ هاوشێوەی كەیسی تیرۆركردنی شەهید موراد برام لە كردەوەیەكی تیرۆرستیدا ئەفسەریكی تری یەكێتی لە شاری هەولێر تیرۆركرا، سەرەڕای دەربڕینی خەمباری خۆمان بۆ لەدەستدانی شەهید هاوكار جاف، لە هەمان كاتدا دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەكان دەكەین كە توانیان لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بكەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكەن و ڕووبەڕوی یاسایان بكەنەوە.
سەرەڕای ئیدانە كردنی ئەم تاوانە تیرۆرستییە دڕندانەیە ئێمە لە ئێستادا لەسەر كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جاف دەستی تۆمەت بۆ هیچ كەس و لایەنێك درێژ ناكەین،بەڵام دەپرسین بۆچی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی زۆنی سەوز نەیانتوانی لەم ماوەی ئەو ساڵەدا داڕێژەرو بكەرانی تیرۆركردنی شەهید موراد كانی كوردەیی و هاوڕێكانی دەستگیر بكەن و ڕووبەڕوی یاسایان بكەنەوە لە كاتێكدا ئێمە ناوی بڕیار دەرو پلان داڕێژەری ئەو تاوانەمان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار.
لێرەوە بە دەرفەتی دەزانین دام و دەزگا تایبەت مەندەكانی سنوری ژێر فەرمانڕەوایی یەكێتی ئاگادار بكەینەوە كە چیتر كەیسی تیرۆركردنی شەهید موراد و هاوڕێكانی فەرامۆش نەكەن.
دەمانەوێت ئەوەتان وەبیر بهێنینەوە كە کەیسی تیرۆركردنی شەهید موراد و هاوڕێكانی ئێستاش بشاردرێتەوەو پشتگوێ بخرێت لای ئێمە نە كۆن دەبێت و نە سازشی لێدەكەین بەڵكو درەنگ یان زوو بەرۆکتان دەگرێتەوەو باجی ئەوكارە تیرۆرستی و مافیا گەرایتەتان دەدەن.
هەر وەك وەبیر هێنانەوە كە لەسەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن سەدام حسێنی گۆڕ بەگۆڕەوە چەندین كاری قێزەون و دوور لەبەها ئەخلاقیەكانی بەرامبەر نەتەوەی كورد بەتایبەتی و سەرجەم عێراقیەك بە گشتی ئەنجامدا بەڵام لە كۆتایدا لەسەر کەیسی کوشتنی چەند هاوڵاتیەك لە ( دوجێل ) لەسەر ئەو كەیسە دڕندانەیە لە سێدارەدرا!
ئەوەی پێویستە كە بۆ هەموو لایەك ئاشكرابێت ئێمە لە ئاست ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە چۆك دانادەین بەڵكو زوو یا درەنگ دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو كارە ترسنۆكانەیە باجی سەركێشی و یاسا شكێنیان بدەن.
فەرمان كانی كوردەیی
٨-١٠-٢٠٢٢