بزووتنەوەی گۆڕان: درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكە

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، مەبەست لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەك بۆ دروست نەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستوریی لە هەرێم، لەلایەكی دیكەش لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵك و جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی گرنگە.

دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی
‎ئەمڕۆ شەممە (٨ی ١٠ی ٢٠٢٢)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە مەكۆی سەرەكی لە سلێمانی ئەنجامدا.
‎سێ پرسی سەرەكی، تەوەری گفتوگۆكانی ئەندامانی جڤات بو:
‎یەكەم: كۆنفرانسی نیشتمانی
‎لیژنەی باڵای كۆنفرانسی نیشتیمانی كۆتا ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی خستەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا لە نزیكترین كاتدا دوەمین كۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت.
‎دوەم: پرسی ئاشتەوایی و خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی بەرهەمهێنی لەسەركرا، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا هەنگاوە كردارییەكانی ئاشتەوایی و سەقامگیری ڕێكخراوەیی دەست پێ بكات؛ وەك بەشێك لە ئامادەكارییەكانی كۆنفرانس و خۆڕێكخستنەوە و خۆنوێكردنەوەی گۆڕان.
‎سێیەم: پرسی وادەی پەرلەمان
‎بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوی بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە لە كات و ساتی خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش وەك بەرپرسیارێتی نیشتیمانی كە دواخستنی هەڵبژاردن نەبێتە نەریتێكی نادیموكراتی و زەوتكردنی مافی خەڵك؛ فراكسیۆنی گۆڕان لە ساڵی (٢٠٢٠) پێشنیازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، هاوكات لە (٣١ی٣ی٢٠٢١) پێشنیازی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بەڵام ناكۆكی حیزبی بووە هۆی گوێنەگرتن لە پڕۆژەكانی گۆڕان، ئەم دوو پرسەش كرانە لەمپەڕێكی یاسایی لەبەردەم هەڵبژاردن.
‎لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەك بۆ دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستوریی لە هەرێم، لەلایەكی دیكەش لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵك و جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لەوانە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ تەواوكردنی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان و چەند پڕۆژە یاساییەكی گرنگ لەوانە خانەنشینی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ؛ یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان فراكسیۆنە پێكهێنەرەكانی حكومەت واژۆكرا.
‎جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
8/10/2022

ھەواڵی زیاتر