دکتۆر عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، پێیوایە هەڵەیە کە دەگوترێت نەبوونی دەوڵەتی کوردی بەهۆی نەبوونی یەکگرتووییەوەیە و دەڵێت، سیستەمی سیاسی لە عێراق بە تەواوی چەقی بەستووە.
د.عادل باخەوان، ئەمرۆ شەممە (٨-١٠-٢٠٢٢) لە دیداری کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەکرد، “راستە فاکتەرە ناوخۆییەکان رۆڵی گرنگییان هەیە، بەڵام ئەوەی بە پلەی یەکەم وایکردووە دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان و هەر ناوچەیەکی دیکەی کوردستان دروست نەبێت، پەیوەندیی بە ناوخۆوە نەبووە “.
ئاماژەی بەوەشکرد: “هەرێمی کوردستان کە ئێستا هەیە، لەبەرئەوە نییە کە ئێمە یەکبووین، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزی لەناو دەوڵەتێکی عێراقی یەکگرتوودا دەوێت”.
د. عادل باخەوان، لە دیدارەکەدا جەختیکردەوە: “سیستەمی سیاسی لە عێراق لە کۆڵانێکی تەواو داخراودایە و پێویستە هەموومان بەیەکەوە بیربکەینەوە و چارەسەری بکەین، ئەگەر وازی لێبهێنین، لەوانەیە ببێتە گۆمی خوێن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی عێراق هەموو چارەسەرێک قبوڵ بکەن، تەنیا کوشتن و خوێنڕشتن نەبێت”.
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەشڵێت: لە ساڵی 2003 بۆ 2019 یەک رەگەز هەبووە بۆ مانەوەی عێراق، ئەویش ئیدارەی هاوبەشی ئەمەریکا و ئێران بووە، بەڵام لە دوای 2019 ئەو هاوبەشییە کۆتایی هات، لەو کاتەشەوە تا ئێستا لە عێراق شتێکمان بە ناوی دەوڵەت نییە.
k24