هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی پەروەردە و فێربوون

بە پاڵپشتیی مەعنەوی و دارایی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی ١٠ی ٢٠٢٢ دەست بە پرۆژەیەکی گرنگی ستراتیژیی ڕاهێنانی مامۆستایان کرا لە شاری هەولێر .

پرۆژەی دروستکردنی زیاتر لە ٦٠٠ مامۆستای ڕاهێنەر بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە بواری دیداکتیکی نوێ (شێوازەکانی وانە وتنەوە) کە پرۆژەکە ڕاهێنان و کارایی و کارامەییەکانی مامۆستایان گەشە پێدەدات و هاوبەهای دەکات لە قوتابخانەکانی گوند و شارۆچکە و شارەدێ و سەنتەری شارە گەورەکان.

پرۆژەکە گشتگیرە بۆ هەموو مامۆستایان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام دەدرێت، پاش وەرگرتنی ٤٠ کاتژمێر ڕاهێنان، مامۆستایان دابەشکارییان بۆ دەکرێت بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، هەر ڕاهێنەرێک (١٠ تا ١٢) قوتابخانە و خوێندنگەی بۆ دیاری دەکرێت و هەموو مامۆستایەک لەناو قوتابخانەکەی خۆی هەفتەی یەک کاتژمێر ئەو ڕاهێنانە وەردەگرێت.

مامۆستای ڕاهێنەر بەتەواوی تەفەروغ دەکات بۆ ڕاهینانی مامۆستایانی ئەو قوتابخانانەی بۆی دیاری دەکرێتن، تەنیا وەرگرتنی ڕاهێنان نابێت، بەڵکوو مامۆستای ڕاهێنەر کە قوتابخانەکانی ڕووبەڕوو کراوەتەوە (بەدواداچوون – Followup) دەکات بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی شێوازی نوێی وانەوتنەوەکە لەلایەن مامۆستای پۆلەوە و فیدباک لە قوتابیان و خوێندکاران وەردەگرێتەوە.

هەروەها مافی دیدەنیی مامۆستای دەبێت لە پۆلدا و فۆرمی هەڵسەنگاندنی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ستراتیژە، داتا و بەڵگەنامەکان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی مەشق و ڕاهینانی پارێزگاکان دەکات و وەزارەتی پەروەردەش بە وردی چاودێریی پرۆسەکە دەکات و سیستەمێکی ئەلیکترۆنی ئامادە دەکات بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

جیا لەوەش، پلاتفۆرمی (ئی ڕاهێنان E- Rahenan ) کە ئامادەکراوە و چەندەها کۆرسی چەند هەفتەیی ڕاهێنانی تێدایە کارا دەکرێت بۆ مامۆستایان و مامۆستای ڕاهێنەر، لەوێشەوە سەرپەرشتیی شێوازی ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین دەکات.
هەنگاوی یەکەم لە بواری دیداکتیکە، هەنگاو و قۆناغەکانی پاشتر لە بوارە جۆراوجۆرەکان دەبێت وەک (تەکنەلۆژیای فێرکاری، بەڕێوەبردنی پۆل لە ڕووی کات و چالاکی، پەروەردەکردن لەسەر بنەمای بونیاتنانی تواناکان، دەروونزانی پەروەردەیی، پێوەرەکانی دڵنیایی جۆری، پێوانە و هەڵسەنگاندن) چەندەها بابەتی ستراتیژیی گرنگ.

بە دڵنیاییەوە دوو ساڵی ئایندە خاڵە گەشەکانی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە دەردەکەوێت و توانا و کارامەییەکانی مامۆستایان زۆر گەشە دەکات و دواجار خزمەتی کوالێتیی خوێندن دەکات لە قوتابخانە و خوێندنگە حکوومییەکان و وا دەکات مامۆستایان لە ساڵێکی خوێندن لە نێوانی (٢٠ تا ٢٥) کاتژمێر لە بوارە جیاوازەکاندا ڕاهێنان وەربگرن لەناو قوتابخانەکەی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەت شێوازێکی زانستی بەکار دەهێنێت بۆ دەرهێنانی (ئەندازەی کاریگەری)ی ئەم هەنگاوە گرنگە و ئەنجامەکەشی بۆ هەموان ڕادەگەیەنین.

ئالان ‌حەمە سەعید

ھەواڵی زیاتر