ئەمڕۆ لە دیداری (پرسی كورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست)دا، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وتەیەكیدا ئاماژەی بە چەند بابەت و تەوەرێكی گرنگ دا كە ئەگەر ھەموو لایەنێكی پەیوەندیدار وەك خۆی لە مانا و ناوەڕۆكی قسەكانی مەسروور بارزانی تێ بگەن، بەڵام بە مەرجێك ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە بەڕاستی بەرژەوەندییان لە سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت نەك لە ئاژاوە و ناسەقامگیری، ئەوا سەقامگیری دێتە ئارا، ئەوەندەی من لە مانا و ناواخنی قسەكانی مەسرور بارزانی تێگەیشتم، ھۆكاری یەكەم و سەرەكیی ناسەقامگیریی ناوچەكەی دەستنیشان كرد كە بریتییە لە:
سەیرنەكردنی كێشەی كورد وەك خۆی، وەك ئەوەی كە ھەیە، واتە سەیرنەكردنی كێشەی كورد كە لە بنەڕەتدا و وەك ھەر كێشەیەكی نەتەوەیی، كێشەی نەتەوەیەكی بێبەشكراوە لە مافە نەتەوەییەكانی خۆی كە لە بەرزترین ئاستیدا خۆی لە پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسدا دەبینێتەوە.
ئاخر ئەگەر ئەم كێشەیە وەك كێشەیەكی نەتەوەیی سەیر نەكرێت و ئنجا نەزانرێت چۆن بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر دەكرێت، ئەوكات بە حوكمی ئەوەی نەتەوەی كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە و بەبێ ویستی خۆی لێكێنراوە بەو چوار دەوڵەتەوە، ئیتر ئەو چوار دەوڵەتە پەنا بۆ ڕێگەچارەی ھەڵە دەبەن، ئەویش بە شەڕ و بە توندوتیژی چارەسەركردنی ئەم كێشەیەیە.
كەواتە ھەر بە ھۆی چارەسەرنەكردنی كێشەی نەتەوەیی كوردەوە، لەناو چوار دەوڵەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ناسەقامگیری دروست دەبێت، كە چوار دەوڵەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ناسەقامگیر بوون، چوار دەوڵەتەكەش لەو دەوڵەتانە بن كە ئاساییش و سەقامگیریی نەك ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڵكوو بە حوكمی پێگەی جوگرافی و ئابووریی ئەو چوار دەوڵەتە، ناسەقامگیریەكەیان كاریگەریی بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیریی جیھانیش دەبێت.
كەواتە ئەم ناسەقامگیرییەش ھەر بەتەنیا زیان لە كورد نادات، بەڵكوو زیان لە گشت ئەو نەتەوە و گەلانەش دەدات كە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا دەژین، چونكە ئەو چوار دەوڵەتە بودجەی شەڕكردن لەگەڵ كورددا لە بودجەی گشتیی دەوڵەتەكانی خۆیان دابین دەكەن، ئەمیش لە بنەڕەتدا داھاتی گشتیی هەموو گەلانی نێو دەوڵەتانی دراوسێی كوردن، خۆ ئەگەر ئەم بودجەیە لە شەڕی دژی كورددا خەرج نەكرێت، بەڵكوو لە گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەی ئابووری و ژێرخانی ئەو وڵاتانەدا خەرج بكرێن، ئەو كاتە ھۆكارێكی گرنگ و سەرەكیی توندوتیژی و ناسەقامگیری ناھێڵرێت.
پێچەوانەكەشی ڕاستە، چونكە كە بەشێكی زۆر لە داھاتی گشتی لە شەڕی دژی كورد خەرج كرا، ئەو كاتە بەشێكی گرنگی دەرفەتی گەشەپێدانی ئابووری لەناو ئەو چوار دەوڵەتەدا لەدەست دەچێت، كە ئەوەش لەدەست چوو، ئیتر دواكەوتنی ئابووری و بێكاری دروست دەبێت، كە ئەوەش دروست، بوو كەواتە زەمینەی بابەتیی توندوتیژیی ناوخۆ دروست دەبێت و ئەو كاتە شەڕ و توندوتیژیی ناوخۆ لەنێوان نەتەوەكانی دراوسێی كورد دروست دەبێت، كە ھەموو ئەوانەش دروست بوون، ئنجا دەستوەردانی نێودەوڵەتییش بە ھەر شێوەیەك بێت بۆ ناو كاروباری ناوخۆی ئەو چوار دەوڵەتە دروست دەبێت، ھەروەك ئێستا ڕێك ئەوە دەبینین.
بەڵام چونكە ھەر لە بنەڕەتەوە تێڕوانینی ئەو چوار دەوڵەتە بۆ سرووشتی كێشەی كورد و ئنجا تێڕوانینیان بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی ئەم كێشەیە ھەڵە بووە، لەلایەك كوردیان تووشی زیانی گەورە كردووە و لە لایەكی دیكەشەوە خۆیان و نەتەوەكانی خۆیشیان تووشی زیانی گەورە كردووە و ئنجا ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەكە و جیھانیشیان تێكداوە.
كورت و پوخت، مەسرور بارزانی پێی گوتن ئەوانەی بەڕاستی ئاساییش و ئارامی و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان دەوێت، دەبێ كێشەی نەتەوەیی نەتەوەی كورد لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە ئەگەر كورد ئیسراحەت نەكات، ئەوە هۆكارێكی زۆر سەرەكیی ناسەقامگیریی چوار دەوڵەت و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش، بەردەوامیی دەبێت.
جامال عەبدوڵا