نوسینی: لوقمان حەوێز…
چۆن و کێ ئەم کارە دەکات؟
دوای چەند ساڵێکی تر سروشت و جوانی ئاسمان بەتەواوی دەشێوێت…
دیمەنی ئەو زنجیرە ڕووناکیەی کە دوێنێ شەو لەسەر ئاسمانی کوردستان بینرا تەنها سەرەتایە، چاوەڕوان بن لە چەند ساڵی داهاتوو ئەم دەرکەوتنانە گەلێک چڕتر و زۆرتر دەبن، بەر لە دوو ساڵیش ئاگاداریەکم لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، بەداخەوە لە چەند ساڵی داهاتوو و بەتایبەتیش دوای 10 بۆ 15 ساڵی تر تابلۆ جوانەکەی شەوانی ئاسمان و ئەستێرەکان بۆ چاوی ئێمە لەسەر ڕووی زەوی بۆ هەتا هەتایە دەشێوێنرێت و دەگۆڕێت..!
لەلای من ئاسمانی شەوێکی تەواو تاریک یەکێک لەو دیمەنە جوان سەرسوڕهێنەرانەیە کە مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو بەچاوی ئاسایی بینیویەتی، کەچی ئەو دیمەنە جوان و سروشتیە لەچەند ساڵی داهاتوو و بەرەو ژووریش بەتەواوی دەشێوێنرێت، ئەگەر تا پێش چەند ساڵێکیش لە شەوێکی بێ مانگی زۆر تاریکدا بەتایبەتی دور لە ڕووناکی شارەکان تەماشای ئاسمانمان بکردایە تەنیا دیمەنی ئەستێرەکانمان دەبینی لەگەڵ ڕێی کاکێشان، جار جارەش تەنێکی پرشنگداری جوڵاوەشمان دەبینی کە بەشێوەی ئەستێرەیەکی جوڵاوە دەهاتە بەرچاو، ئەو تەنە جوڵاوانە مانگە دەستکردە نزمەکان بوون کە لەلایەن هەندێ ووڵات بۆ کاری سیخوڕی یان چاودێریکردنی کەش و هەوا بەکاردەهێنران، ئەگەر لە ئێوارەوە بەدرێژایی شەو تا بەیانی تەماشای ئاسمانمان بکردایە بەهەمووی کەمتر لە 200 لەو سەتەلایتە جوڵاوانەمان دەبینی…
بەڵام لەمانگی ئایاری ساڵی 2019 چیڕۆکەکە بەتەواوی گۆڕا دوای ئەوەی کۆمپانیای SpaceX دەستی بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی Starlink کرد، تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا سپەیس ئێکس سەدەها مانگی دەستکردی هەڵداوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی زۆر خێرا بۆ زۆربەی ناوچەکانی جیهان، تا ئێستاش ژمارەی سەتەلایتە هەڵدراوەکانی ئەم پڕۆژەیە کە لە ئاسمانن گەیشتوە بە 1500 دانە، تەنیا ئەم پڕۆژەیە کە لەچەند ساڵی داهاتوودا قۆناغی یەکەمی بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت پێویستی بەهەڵدانی پتر لە دە هەزار مانگی دەستکردی ترە، لەکۆتاییشدا سپەیس ئێکس ژمارەی سەتەلایتەکان دەگەیەنێت بە پتر لە 42000 سەتەلایت..!
بۆ زانیاریتان کۆمەڵێک کۆمپانیای تر و ووڵاتی تریش وەکو چین بەتەمان هەمان کار بکەن…!!!
دیمەنی ئاسمان ئەوساکه چی لێدێت..؟
ئەو کاتە ئەگەر لەشەوێکی تاریکدا بچیتە دەرەوە ئەوا جگە لە ئەستێرەکان کە بەوەستاوی دەردەکەون لە ئاسمان بۆ چاوی ئێمە، جگە لەوان لەیەک کاتدا سەدەها و بگرە هەزارەها مانگی دەستکردی جوڵاوە وەکو شەمەندەفەر بەدوای یەکدا لەئاسمان دەبینرێن، ئەو سەتەلایتانە بەشێوەی زنجیرەیەک لە ئەستێرەی پرشنگداری لەیەک بەستراو و جوڵاوە دەبینرێن لەئاسمان بۆ چاوی ئێمە، ئەو کاتە دیمەنی ئاسمان بەتەواوی دەشێوێنرێت..!
کاریگەریە هەرە خراپەکان چی دەبن..؟
جگە لە شێواندنی سروشت و جوانی ئاسمان، ئەم هەموو مانگە دەستکردە ئەم سێ کاریگەریە خراپەیان دەبێت:
یەکەم: ڕێگریەکی گەورە دەبن لەپێش چاودێری کردنی گەردوون لەسەر ڕووی زەویەوە، سەرئێشەیەکی گەورە دروست دەکەن بۆ گەردوونناسان، بۆ نمونە ئەگەر تۆ گەردوونناسێک بیت و چاودێری ئەستێرەیەک یان تەمێک یان ڕووبەرێکی ئاسمان بکەیت بۆ چەند کاتژمێرێک ئەوا کت و پڕ تەنێکی پرشنگدار بەپێش چاوی تەلەسکۆپەکەت دا دێت و پێوانەکان دەشێوێنێت، هەموو ئەو پێوانانە پێویستیان بەڕاستکردنەوە دەبێت، هەندێک پشکنینیش تەنیا دەتوانرێت لەدەرەوەی گۆی زەوی بکرێت..!
دووەم: لە ئەمەریکا ووتەیەک هەیە دەڵێت هەرشتێک بچێتە ئاسمان دەبێ دواتر بکەوێتە خوارەوە، ئەمە بۆ سەتەلایتەکان بەتەواوی ڕاستە بەتایبەتی ئەم جۆرە سەتەلایتە نزمانە کە تەمەنیان کەمترە، ئەوانە یان خۆیان دەکەونە خوارەوە یان دەبێت بهێنرێنە خوارەوە، سپەیس ئێکس دەڵێت کۆنتڕۆڵی تەواومان بەسەر هەموو سەتەلایتەکان دەبێت و هەرکاتەی بمانەوێت هەر کامێکیان بهێنینە خوارەوە ئەوا بەبێ زیان لەسەر زەریای هێمن دەیخەینە خوارەوە، بەڵام لەم هەزارەها سەتەلایتە ئەگەری ڕوودانی هەڵە زۆرە، لەکاتی کەوتنە خوارەوەشیان بەسەر شار و شوێنە ئاوەدانەکان مەترسی زۆر دروست دەکەن…
سێیەم: لەبەرئەوەی ئەم مانگە دەستکردانە بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەوی قەرەباڵغتر دەکەن، بۆیە مەترسی دروست دەکەن لەسەر گەشتە ئاسمانیەکان و وێستگەی ئاسمانی، بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەویش پیستر دەکەن..!