نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كونسولى نوێى كۆرياى باشوور كرد

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز چۆ كيجۆنك كونسولى گشتيى نوێى كۆرياى باشوور له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهاتن و پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون، هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كانى نيشان دا و سوپاس پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكاريى مرۆيى و بنياتنانى توانسته‌كان و پشتگيريى كۆرياى باشوور دووپات كرده‌وه كه‌ له‌ ڕێگه‌ى تيمى سه‌ربازيى زه‌يتوون و ئاژانسى كۆيكاى كۆرييه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستانيان كردووه‌‌.

لاى خۆيه‌وه‌ كونسولى گشتيى كۆرياى باشوور دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان په‌يوه‌نديى تايبه‌ته‌ و هيواى خواست بتوانن په‌يوه‌ندييه‌كان بۆ ئاستى به‌رزتر و فراوانتر ببه‌ن، هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى ئاماده‌يى و چالاكييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان و هاندانى كه‌رتى تايبه‌تى كۆرى و ده‌رفه‌تى وه‌ربه‌هێنان بۆ كۆمپانيا كۆرييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

له‌ ديداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى كولتوورى و هه‌ماهه‌نگى و هاوكاريى به‌تايبه‌تى له‌ بوارى په‌روه‌رده‌يى و فێركردندا كرده‌وه، هه‌روه‌ها دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد.

ھەواڵی زیاتر