لە نێوان کازمی و سەدامدا!
دوێنێش سەددام حوسێن جلی کوردی لەبەر دەکرد، دەھاتە نێو بازاڕ و شەقامەکانیشەوە، مامەڵەی لەگەڵ پیر و پەکەوتە و کرێکار و دەسگێڕەکانیش دەکرد، دەیان گرتەی ڤیدیۆیی ھەیە کە بە لوتبەرزییەکی زۆرەوە گوێ بۆ گەورە و بچوك دەگرێت، بەڵام ھەموو ئەمانە ڕووی ڕەشی کۆمەڵکوژی و دیکتاتۆرییەتی ئەویان سپی نەکردەوە، لای خەڵکی ھوشیار ئەم نمایشە سیاسییانە دڕندەیی ئەویان پڕ بەزەیی نەدەکرد.
ھەموو ئەمانە “ئەدایەکی رەمزین” کە لە ھەموو سیستەمێکی سیاسیدا بوونی ھەیە بە ڕادەی جیاواز. ڕادە و زیادەڕەویکردن لەم ئەدایە بە گوێرەی سیستمە سیاسییەکە دەگۆڕێت و زیاتر پیاوە سیاسییە پاوەنخوازەکان پەنای بۆ دەبەن، خودی ئەمە دروستکردنی ڕواڵەتی سیاسییە لە بری ناوەڕۆك. ھەوڵدانە بۆ دورینی بەرگێکی جوان لە پێناو داپۆشینی جەستەیەکی ھیلاك و پڕ نەخۆشی.
ئەمرۆش کازمی ھەمان ئەو عەقڵیەتە جێبەجێ دەکات و دیسانەوە خەڵکێکی زۆر ھاوسۆز دەکات بە خۆیەوە. لەپاڵ دەیان کێشەی قوڵ و گەورە کازمی دەیەوێت لە رێگەی چەند جوڵەیەکی سەرنج ڕاکێشەوە، دڵبەندی خەڵکی بەدەست بھێنێت. لە ناو سیستەمێکی دیموکراسی پەرلەمانی و وڵاتێکی دامەزراوەیی ئەم زێدەڕەویکردنە لە نواندن، جگە لە خۆ ئیبراز کردن و تەرویجی شەخسی ھیچی تر نیە.
ئەم ئەدا رەمزییەی کە ئەمرۆ وەکو بانگەشەی پێشوەختەی نافەرمی دەردەکەوێت لە لایەن کازمییەوە، ھەم ئیستیغلالی وەزیفەیە و ھەم نواندنێکی خەڵەتێنەر و بێ مانا کە توانای شاردنەوەی ئەو ھەموو شکستەی حکومەتی عێراقی نیە.