په‌يامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه 

به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆياندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ بكه‌ن. له‌م دۆخه‌ هه‌ستياره‌دا ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌، ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئاسايش و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا ڕێز له‌ خواستى خۆپيشاندانى ئاشتيانه‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌گرين، جه‌خت له‌ پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئاسايش و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتييان و كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ينه‌وه‌. گه‌لى عێراق شايانى ژيان و ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتره‌ و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌كانه‌ پێكه‌وه‌ عێراق له‌م دۆخه‌ هه‌ستيار و مه‌ترسيداره‌ ده‌رباز بكه‌ن.

هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆيه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ين بێن له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن. هيچ كێشه‌يه‌ك نييه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/7/31

ھەواڵی زیاتر