پارتی: حكومەتی عێراقبوو شنگالی دایە دەستی قەدەر و حوكمی چەكدارانی پەكەكە و میلیشیای نایاسایی

ڕاگەیاندراوێك لە لقی حەڤدەی پارتی دیموكراتی كوردستان
لەبارەی بارودۆخی شنگال و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵكی خۆشەویستی شنگالدا هاتووە، لە لایەن هەندێ لایەنی نابەرپرس دیسان موزایەدات لەدژی پارتی دووبارە دەبێتەوە. لێرەدا بە بیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە خەڵكی شنگال خۆیان شاهیدی ئەوەن كە كێ بۆ شنگال قوربانی و خوێنی داوە. لەكاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال هەموو ئەو هێز و لایەنانەی موزایەدات دەكەن بە یەكێتی و پەكەكە و حكوومەتی عێراقیشەوە لە شنگال بوون، كەسیان بەرگرییان لە شنگال نەكرد و، تەنیا پارتی بەرگری كرد و خوێنی دا. لە پڕۆسەی ئازادكردنی چیای شنگال و ڕێگەكانی شنگال لە مانگی كانوونی یەكەمی 2014 و، لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال لە تشرینی دووەمی 2015 ئەوە پارتی و پێشمەرگەكانی پارتی بوون كە بە تەنیا و بە خوێنی خۆیان شنگالیان ئازادكرد و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە.

دوای پیلانی شازدەی ئۆكتۆبەری 2017ـش پێشمەرگەكانی پارتی لەسەر داوای خەڵكی شنگال و بۆ ئەوەی شەڕ نەكەوێتە شنگال و لەنێوان شنگالییەكاندا گرفت دروست نەبێت، لە شنگال پاشەكشەیان كرد بەو مەرجەی كە خەڵكی شنگال خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و ئامانجی پارتیش ئەوە بوو دەرفەت بدرێتە دانیشتوانی شنگال كە خۆیان حوكمی خۆیان بكەن. بەڵام ئەوە حكوومەتی عێراقی بوو كە بەڵێنەكانی پێشێل كرد و شنگالی دایە دەستی قەدەر و حوكمی چەكدارانی پەكەكە و میلیشیای نایاسایی كە كاریان تەنیا قاچاق و موخەدەرات و ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و یاریكردن بە چارەنووسی شنگال بووە. هەموو لایەك ئەو ڕاستییە باش دەزانن كە بەهۆی داوا و ویستی خەڵكی شنگال، پارتی لە شنگال پاشەكشەی كرد ئەگینا چۆن پارتی لە پردێ و سحێلا لووتی چەكدار و میلیشیاكانی شكاند ئەوەهاش دەیتوانی لووتی دەستدرێژیكاران و چەكدارە قاچاقچیەكان لە شنگال بشكێنێت.

بەلای پارتییەوە چارەنووسی خەڵكی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان و جێگیربوونی ژیان و سەقامگیری بۆ خەڵكی مەزلوومی شنگال ئەولەوییەتی سەرەكییە و، ئەوە هەمان ئەو سیاسەتە دروستەیە كە بەرژەوەندیی شنگالیەكانی دەوێت و خەڵكی خۆشەویستی شنگالیش زۆر باش لەو سیاسەتەی پارتی تێدەگەن و پشتیوانی لێ دەكەن. بەڵگەش لەسەر ئەوە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردووی عێراق بوو كە خەڵكی شنگال تەنیا دەنگیان بە پارتی دا و ئەوە پارتی بوو كورسییەكانی شنگالی بردەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە كە دەبێ دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە و هێزی نایاسایی و قاچاقچی و میلیشیا لەوێ دەربچن و واز لە خەڵكی شنگال بهێنن. پێویستە هەرچی زووتر زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بڕەخسێندرێت و شنگال بۆ خەڵكی ڕەسەنی شنگال بگەڕێتەوە. پارتی ناشتوانێت چیتر چاوەڕێی ئەوە بێت خەڵكی شنگال لەژێر هەڕەشە و كۆڵەمەرگی و ئاوارەییدا بژیێت و یاری بە چارەنووسیان بكرێت.

لقی حەڤدەی پارتی دیموكراتی كوردستان

3ی ئایاری 2022

ھەواڵی زیاتر