سبەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، سبەی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی زستانی ئەمساڵی گەڕەکی رۆشنبیری دەکرێت. دەشڵێت، “بڕی قەرەبووەکە بەپێی قەبارەی زیانلێکەوتنی هەر کەس و ماڵێک دەگۆڕێت.”

رۆژی یەکشەممە 24-4-2022، سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، “سبەی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیری دەکرێت، ئەوانەی لە زستانی ئەم ساڵدا ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتبوو.”

سەبارەت بە بڕی قەرەبووەکەش، سروە رەسوڵ گوتی، “بڕی پارەی تەرخان کراو بۆ هەر کەس یان ماڵێک جیاوازە و بەپێی قەبارەی زیانەکانی قەرەبوو دەکرێنەوە. هەر چەندە پارەکە زۆر نییە، بەڵام هاوکارییەکی باش دەبێت بۆیان.”

ئاماژە بەوەش دەکات، چەند رۆژێکە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە قوشتەپە و دارەتوو دەستیپێکردووە و تەنیا ئۆتۆمبێلەکانیان ماوە.

لە لافاوەکەی رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی 2021، ئاو چووە نێو 3 هەزار و 183 خانوو و زیان بە کەلوپەلەکانی نێویان گەیشت. هەزار و 189 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، هەروەها 408 خانوو و 350 دووکان زیانیان بەرکەوت. سروە رەسوڵ گوتی، “بڕی قەرەبووەکان بەپێی قەبارەی زیانەکانیان دەگۆڕێن.”

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17-12-2021، بەهۆی بارانی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروستبوو، لە شارۆچکەکانی دارەتوو، قوشتەپە، شەمامک، گردجووتیار، بەحرکە، هەروەها گەڕەکی رۆشنبیری و چەند شوێنێکی دیکە لافاو زیانی گیانی و دارایی زۆری گەیاند.

لە لافاوەکەی رۆژی هەینی، 13 کەس گیانیان لەدەستدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لافاوەکە نزیکەی 20 بۆ 21 ملیار دینار زیانی هەبووە.

لە دوای لافاوەکە، چەندین کەمپین بۆ هاوکاریکردنی زیانمەندانی لافاوەکە کران، بەپێی ئاماری پارێزگای هەولێر زیاتر لە شەش ملیار دینار کۆکرایەوە.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر