کازمی: هێزی بەرپرس لە پاراستنی بارەگای پارتی لە بەغدا تەماشاکەر بوون و لێپرسینەوەیان لێدەکرێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەکاتی سووتاندنی بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ئەو هێزەی بەرپرسە لە پاراستنی “سەیری رووداوەکەی کردووە، ئەوە قبووڵکراو نییە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.

رۆژی یەکشەممە، 3ی نیسانی 2022 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وەزارەتە رایگەیاند، “ئەوەی هەفتەی رابردوو روویدا لە سووتاندنی بارەگایەکی حیزبی لە کاتێکدا ئەو هێزەی بەرپرس بوو لە ئەرکی پاراستنی، تەماشاکار بووە. ئەوە کارێکی قبووڵکراو نییە و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێویستە لەسەر بازنەکانی بەرپرس بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ زانیارییەکاندا مامەڵە بکەن”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیشیکردەوە، “پێویستە کەلێنەکە دیاری بکەین و شەرمی لێنەکەین لە ئاشکراکردن و چارەکردنی، وەکو چۆن مرۆڤی نەخۆش دەچێتە لای پزیشک بۆ چارەسەری، لە بهەمان کاتدا دامەزراوە و دەزگاکانمان پێویستی بەوەیە بە ئەرکەکانی خۆیان هەڵبستن و لێپرسینەوە و سزادانی هەر کەموکورتییەک هەبێت”.

کازمی کە هاوکات فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، ئاماژەی بەوەش کرد، “میللەتەکەمان دوای ساڵی 2003 چاوەڕوانی سەردەمێکی نوێی دەکرد لەسەر سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بونیادبنرێت، بەڵام بارودۆخە نێوخۆیی و دەرەکییەکان وایانکرد عێراق بە قۆناخی لەدەستدانی وزە مرۆیی و ئابوورییەکانی تێپەڕبێت”.

سەبارەت بە رێوشوێنە ئەمنییەکانی مانگی رەمەزانیش بە پێویستی دەزانێت حاڵەتی ئامادەباشیی ئەمنی لەلایەن فەرماندەکانی پۆلیسەوە بەرزبکرێتەوە و پلانی نوێ بۆ دابەشکردنی پۆلیس و بەپێی ناوچەی ئامادەبوونیان دابڕێژرێتەوە لە رێستۆرانت و باخچە و مزگەوت و مەزارگە پیرۆزەکان و بازاڕەکاندا.

کازمی لە قسەکانیدا بۆ فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی ناوخۆ و کۆبوونەوەی لەگەڵیاندا لە کاتێکدا دێت چەندین پرسی باسکردووە، لەوانەش پرسی گرووپە چەکدارەکان کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر خەڵک، لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، “وەکو فەرماندە ئەمنییەکان لەسەرتان پێویستە لەو گوشارە سیاسییانەی گرووپەکان دەیکەن خۆتان رزگاربکەن و رزگاربوون دەکرێت ئەگەر دڵسۆزی بە تەنها بۆ عێراق بوو، هیچ بژاردەیەکمان نییە ئەو نەبێت”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، شکۆی دەوڵەتی عێراق بە کۆمەڵێک رووداو و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەوتۆدا تێپەڕیوە کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی دەوڵەت کردووە، جگە لە بوونی قەیرانێکی رەوشتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاری و تەکنەلۆژیا.

رۆژی 29ی ئاداری 2022 پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای لقی 5ی لە بەغدا تەختی زەوی کرد و رووخاندی.

رۆژی 28-03-2022 لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە پاساوی هێرشی زارەکی بۆسەر مەرجەعیەتی ئایینیی شیعە لە نەجەف لەلایەن کەسێکەوە کە گوایە وەکو “کادیری پارتی” ناسێندراوە، هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی و سووتاندیان.

رۆژی دووشەممە، 28ی ئاداری 2022، لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “بەهۆی ئەوەی دووەمجارە بارەگاکەیان دەسووتێندرێت و تاڵان دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ لێپێچینەوەیەک بکرێت، بۆیە بڕیاریداوە بارەگای لق دابخات و سەرجەم چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی لە بەغدا رابگرێت”.

لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، پێشتریش لە 17ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی پەلاماردرا. پەلاماردەرەکان ئاڵای کوردستانیان سووتاند و ئاڵای حەشدی شەعبییان لەسەر بارەگاکە هەڵکرد.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر