ئێوارەی رۆژی سێ شەممە، سێ گەنج کەوتنە ناو چەمی سەرسوڵ لە قەزای ماوەت و تا ئێستا بێسەروشوێنن.
گەنجەکان ناویان دەروون، هەڵکەوت و کۆسارە و تەمەنیان لەنێوان 18-23 ساڵاندایە. لە دوێنێوە کەسوکاریان و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی گەڕانن بەڵام نەیاندۆزیونەتەوە.
بەپێی زانیاریەکان، هەڵکەوت خەڵکی شاری هەولێرە و زاوای یەکێک لەو دوو گەنجەیە کە خەڵکی گوندی بەرسماقن لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە و بە سەردان چووەتە ماڵی خەزووری.
یەکێک لە گەنجەکان بۆ وێنەگرتن دەچێتە سەر کەناری چەمەکە بەڵام دەکەوێتە ناو ئاوەکە و دوو گەنجەکەی تریش بۆ ڕزگار کردنی دەچنە ناو چەمەکەوە بەڵام هەرسێکیان بێسەر و شوێنن.