کچە مۆدێل سانای مام یوسف لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەوە دەستگیر کرا بە تۆمەتی پشتگیریکردن لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن سەدامەوە و سوکایەتیکردن بە هەڵەبجەییەکان.
بەپێی زانیارییەکان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەر، سانای مام یوسف لە سلێمانی دەستگیر کراوە و ڕەوانەی هەڵەبجە کراوە.
سانای مام یوسف لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێ: “هەڵەبجەیی…… بەس سەدام باشی دەناسین ترش و خوێی کردن. ئەو دەستەی خۆشبێت.”
ئەم قسانە کاردانەوەی لێکەوتەوە و هەڵەبجەییەکان سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکرد.
دەستگیرکردنی تۆمەتبار
لەسەرسکاڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان وئەنفال کراوانی پارێزگای هەڵەبجە بەتۆمەتی سوکایەتی بە شەهیدان ودانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەمە بەرواری 21 3 2022 مەفرەزەی بنکەی پولیسی فریاکەوتنی هەڵەبجە لەشاری سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پولیسی پارێزگای سلێمانی ودەزگا ئەمنیەکانی تر تۆمەتبار سەنا یوسف احمد /لەدایک بوی 1994/ دانیشتوی سلێمانی گوندی ئەڵمانی بەپێ مادەی دووی خراپ بەکارهینانی ئامێری پەیوەندی کردن دەستگیر کرا و بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆلینەوەی هەڵەبجە تابەروای 30 3 2022 بەندکرا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەبنکەی پۆلیسی شەهید سەرکار بۆڕێکخراوە بۆئاگاداریتان لەگەڵ ڕێزدا مقدم بەرزان عوسمان محمد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پولیسی پارێزگای هەڵەبجە 21 3 2022