وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بڕیاری دەستلەکار پێ کێشانەوەی بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆی دەرکردووە و داواش دەکات لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی لە کاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی پێک بهێنرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە دەستلەکار پێکێشانەوەی بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ (روقیە عومەر سەعید) و بەڕێوەبردنی کارەکانی لەلایەن (تارا ساڵح محەممەد) جێگری بانکەکە.
ئەمڕۆ دوو خانەنشین لەکاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان لە بەردەم بانکی تانجەرۆی سلێمانی گیانیان لەدەستدا. وەزیری دارای بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێندرێت کە پێکهاتبێت لە زانا محەممەد قادر، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی سلێمانی، ئاشتی کەریم سەیف، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم سلێمانی، دەرسیم نەوزاد محەممەد، بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سلێمانی.