ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی یەوە بۆ ڕای گشتی:
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لە کەناڵی ئێن ئاڕتی، بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەو پارچە زەوییەی مزگەوتەکەی لەسەر دروست کراوە ناوچەی قەدەغەکراوە (محرمة)یە، لەبەرئەوەی لەسەر بۆریی ئاو و پڕۆژەیەکی ئاو دروست کراوە کە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات. ھەمان ئەو بەندەی ڕێگری لە دروست کردنی بینا دەکات لەسەر ئاوەڕۆ ھەمان بڕگەش ڕێگری لە دروست کردنی بینا دەکات لەسەر پڕۆژەی ئاو.
بۆ بەرچاو ڕوونیی ھاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری سلێمانی، ئێمە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی نیازی تێکدان و ڕوخاندنی ھیچ بیناو موڵکێکمان نییە چ جا ئەوەی بێتە سەر شوێنێکی پیرۆزی وەک مزگەوت، بەڵام پابەندبوون بە یاساو جێبەجێکردنی ئەرکی ھەموو لایەکمانە.
بەڵام لایەنی جێبەجێکار ڕەزامەندیی بەڕوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی نەبووە. ئاشکرایە، دروست کردنی مزگەوت کۆمەڵە ڕێکارێکی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پێویستە لایەنی جێبەجێکار نەخشەی پەسەندیی نەبووە. بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە ئەو لایەنە ھیچ جۆرە مامەڵەیەکی یاسایی بۆ دروست کردنی مزگەوتەکە وەرنەگرتووە.
بۆیە پێتان ڕادەگەیەنین ئەو کارەی ئەنجاممان داوە بە ڕەزامەندی داواکاری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە و پێشتریش سکاڵای وەبەرھێنانی لەسەربووە، لە ھەمان کاتدا، فەرمانی کارگێڕی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بۆ دەرچووە. پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بە نوسراوێک لە ساڵی (٢٠٢١) دا داوای لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کردووە بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە. چەند جارێکیش لە لایەن بەشی زیادەڕۆیی سەرۆکایەتییەوە ئاگادارکراوەتەوە.
لەکۆتایدا، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوەش بکەین کە ئێمە چۆن لە پڕۆژەکانی نیشتەجێ بوون(ستی یەکان)دا، ڕێگەمانداوە بە دروست کردنی مزگەوت بەوشێوەش ھاوکار دەبین بە جۆرێک لە ناو سایت پلانەکەدا و لە شوێنی گونجاو و دیاری کراوی خۆیدا بێت. با بۆ ھەموو لایەک ڕوون بێت کە ئێمە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی بە ھیچ جۆرێک ڕێگر نەبووین و نابین لەبەردەم دروست مزگەوت دا.
لەگەڵ ڕێزی
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی