پەیامێک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتییەوە لە کەرکوك -گەرمیان بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان، شەهیدانی ئەنفال ، شەهیدانی كیمیا باران.

ئەمڕۆ سی و چوار ساڵ بەسەر تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجەی شەھید لە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی گەلەکەمان تێ دەپەڕێت، ئەویش بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی بوو بە فەرمانی سەدامی دیکتاتۆر و تاوانکار عەلی حەسەن مەجید لەڕێگای فرۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس، کە زیاتر لە پێنج هەزار ڕۆڵەی گەلەکەمان لە هەڵەبجەی شەهید بوونە قوربانی.

جەمارەی سەربەرزی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان لە دژوارترین ڕۆژانی سەختی قوربانیدانی گەلەکەمان لە پاش ئەنفالکردن ئومێدیان لە نائومێدیدا دروست دەکرد بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەکەمان کە بە هیچ شێوەیەک نوشستی و بێهیوایی و ملکەچییان پێ قەبوڵ نەبوو بەردەوام بوون لە تێکۆشان و بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان, هەر ئەو باوەڕبەخۆبوونە بووە هۆی ئەوەی جەماوەری گیان فیدای کوردستان لە بەهاری ١٩٩١ لەگەڵ دەنگی یەکەم گولەی پێشمەرگە ڕاپەرن بە پشتبەستن بە هێزی پێشمەرگەی قارەمان، هەموو دامودەزگا حزبی و ئەمنی و سەربازییەکانی رژێمی بەعس ڕاماڵن و، باشووری کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە ئازاد بکەن, دواتریش ئەنجامدەری ڕاستەخۆی ئەم تاوانە، عەلی حەسەن مەجید کە بە عەلی کیمیاوی ناسرابوو لە سێدارە درا و بە سزای خۆی گەیشت.

تێکۆشانی بەردەوامی گەلەکەمان لە شۆڕش و ڕاپەرین و قوربانیدان بەرهەمەکەی دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی بوو بە هەموو دەزگا شەرعیەکانیەوە، کە پێشتر و ئەمڕۆش پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە هەوڵدا بووە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانی هەڵبجەی شەهید وەکو مافێکی ڕەوای گەلی کوردستان و ھەڵەبجە، بەدڵنیاییەوە ئەم پارێزگا شەهیدە هەرچەندە خزمەت بکرێت هێشتا لە ئاستی داواکاری خەڵک و کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی دانیشتوانەکەی نییە، سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێم لەهەوڵدایە لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە دژ بەمرۆڤایەتییە لە ئاستی نیودوڵەتیدا و، گوشاری بەردەوام دەخاتە سەر
حکومەتی فیدراڵی عێراق کە دەبێت داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات بەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییە کە ڕژێمی سەدام ئەنجامی داوە و، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی ئەم کارەساتە بکاتەوە.

لەم یادە دڵتەزێنەدا سەری ڕێز و نه‌وازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم تاوانه‌ مرۆییه‌‌ لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك -گەرمیان
٢٠٢٢/٣/١٦

ھەواڵی زیاتر