پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، به‌ ئامانجگرتنى به‌و شێوه‌يه‌ى هه‌ولێر و دووباره‌بوونه‌وه‌ى، پێشهاتێكى ترسناك و پێشێلكردنى زه‌قى ئارامى و سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى عێراقه‌‌ و جگه‌ له‌ ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌ و زيانگه‌ياندن به‌ ئێستا و داهاتووى ته‌واوى عێراق، هيچ ئه‌نجامێكى ديكه‌ى نابێت‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: سوپاس بۆ خواى مه‌زن، كه‌ هيچ زيانێكى گيانى لێنه‌كه‌وته‌وه‌. هاوسۆزى هاووڵاتيانى خۆشه‌ويستى هه‌ولێرين، كه‌ له‌ نيگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێدا كاتێكى سه‌ختيان به‌ڕێكرد.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

زۆر به‌ توندى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كييه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ين، كه‌ دره‌نگانى شه‌وى رابردوو به‌ شێوه‌يه‌كى ترسنۆكانه‌ى دڕنده‌، به‌ بێ هيچ پاساوێك خه‌ڵك و ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێمى كوردستانى به‌ ئامانج گرت.

سوپاس بۆ خواى مه‌زن، كه‌ هيچ زيانێكى گيانى لێنه‌كه‌وته‌وه‌. هاوسۆزى هاووڵاتيانى خۆشه‌ويستى هه‌ولێرين، كه‌ له‌ نيگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێدا كاتێكى سه‌ختيان به‌ڕێكرد. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دى و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان، ته‌بايى و يه‌كڕيزى و كارى پێكه‌وه‌يى له‌ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌خوازین.

به‌ ئامانجگرتنى به‌و شێوه‌يه‌ى هه‌ولێر و دووباره‌بوونه‌وه‌ى، پێشهاتێكى ترسناك و پێشێلكردنى زه‌قى ئارامى و سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى عێراقه‌‌ و جگه‌ له‌ ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌ و زيانگه‌ياندن به‌ ئێستا و داهاتووى ته‌واوى عێراق، هيچ ئه‌نجامێكى ديكه‌ى نابێت‌.

داوا له‌ حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ين، به‌ جددى له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژيیانه‌‌ بوه‌ستن و هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن تا چيتر رێگه‌ نه‌درێت بێڕێزى به‌ سه‌روه‌رى و سه‌قامگيريى وڵات و ئاسايش و ئاراميى هاووڵاتييانى بكرێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/3/13

ھەواڵی زیاتر