ئەو گۆڕانکارییە ئەمنیانەی لەناو یەکێتی نیشتمانی کراون، کێشەی نوێی لە ناو حیزبەکە دروست کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، بێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسیو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکانی کردووە.
بەهۆی ئەوەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لەوانە قوباد تاڵەبانیو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناڕازین لەو گۆڕانکارییانەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی ئەنجامیداوە، کێشە لەناو حیزبەکە دروست بووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی پێیانوایە، بێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسیو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکان کراونو هیچ راوێژێکیش بە ئەوان نەکراوە، بۆیە تائێستا گۆڕانکارییەکان بەتەواوی جێبەجێنەکراون.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، قوباد تاڵەبانیو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەیانەوێت گۆڕانکارییەکان بە خواستی ئەوان ئەنجامبدرێتو کەسانی نزیک لە خۆیان لەو پۆستە ئەمنیانە دابنرێن، کە بڕیارە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی لەگەڵ ئەوە نین، کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی پۆستی هەستیارو ئەمنی لەناو یەکێتی وەربگرن، کە بافڵ تاڵەبانی بەنیازە چەند پۆستێک بدات بەو کەسانە.
هەفتەی رابردوو بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، جەلال شێخ ناجی، کراوە بە سەرۆکی دەزگای زانیاری لە جێگەی ئەژی ئەمین، هەروەها هیوا چاوشین، کە ئێستا بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانییە دەچێتە شوێنی جەلال شێخ ناجی و دەبێتە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری هێزەکانی ٧٠ی یەکێتیو عەمید سەرخێڵی لێپرسراوی ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی ئاسایشیش دەبێتە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، کە ئەوانە هەموویان بە کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی ئەژمار دەکرێن.
ژێدەر
بوار نیوز