فڕۆکەکانی ڕووسیا چوونەتە ئاسمانی وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپاوە

دوو فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیا بۆ ماوەیەکی کورت لە سەر دەریای بەلتیک-ـەوە چوونە ئاسمانی سوید و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش ئیدانەی ڕووسیا دەکات.

وەزارەتی بەرگریی سوید لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی جەنگی ڕووسی لە جۆری SU27 و SU24 بۆ ماوەیەکی کورت هاتنە ئاسمانی سویدەوە و فڕۆکەیەکی سویدی لە جۆری JAS 39 خرایە ئامادەباشییەوە و یاوەری فڕۆکە شەڕەکانی ڕووسیایان کرد تا ئاسمانی وڵاتەکە بەجی بهێڵن.

بەرپرسێکی سویدی کە لێدوانی بۆ ئاژانسی (TT) داوە و نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت وتی: “هەرگیز سوید ئەوە لە ڕووسیا قەبووڵ ناکات کە فڕۆکە جەنگییەکانی بنێرێتە ئاسمانی وڵاتەکەی”.

ئەو بەرپرسەی سوید وتیشی: “سوید بۆ کارێکی لەم شێوەیە وەڵامێکی تووندی و دیپلۆماسی دەبێت و پێویستە ڕووسیا ڕێز لە سەروەری خاکی سوید بگرێت”.

ھەواڵی زیاتر