بنەماڵەی نەقیبە کوژراوەکەی سلێمانی ڕایدەگەیەنن، ٤٨ ڕۆژ بەسەر کوژرانی ”نەقیب محەمەد لەتیف”دا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا بکوژەکان دەستگیر نەکراون. ئاشکراشی دەکەن، بکوژەکان لەلایەن بەرپرسانی باڵای حزبییەوە لە شاری سلێمانی داڵدە دراون، بۆیە تا ئێستا دەستگیر نەکراون.
بنەماڵەی نەقیب محەمەد لەتیف، ئەو ئەفسەرەی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو لە کاتی ھەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێکی دۆسیەی ژنان لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەست دا، ڕایدەگەیەنن: ٤٨ ڕۆژ بەسەر کوژرانی ”نەقیب محەمەد لەتیف”دا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بکوژەکان دەستگیر نەکرون و دەزگا ئەمنییەکان کەمتەرخەمن لە دۆزینەوەی بکوژەکان.
بە گوتەی بنەماڵەی نەقیب محەمەد لەتیف، بکوژەکان لەلایەن بەرپرسانی باڵای شاری سلێمانییەوە داڵدە دراون و وەکوو خۆیان دەڵێن، ئەگەر داڵدە نەدراون، بۆچی دەزگا ئەمنییەکان بکوژەکان دەستگیر ناکەن، خۆ عەرز قووتی نەداون و ئاسمان ھەڵینەکێشاون، بەڵام دیارە بکوژەکان دەستێکی گەورەیان لەپشتە، بۆیە دەستگیر ناکرێن.
بنەماڵەی نەقیب محەمەد لەتیف، بە نیگەرانییەوە باسی کوژرانی ڕۆڵەکەیان دەکەن و دەڵێن، نەقیب محەمەد لەتیف، ئەفسەرێکی دڵسۆزی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووە و بەردەوام بەدوای كێشەكانی ژناندا دەڕۆیشت و دەیویست چارەسەری كێشە خێزانییەكان بكات و تاوانبار بەسزا بگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە خۆی لەلایەن تاوانبارانەوە شەھید کراوە و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ دەزگا ئەمنییەکان تاوەکوو ئێستا بکوژەکانیان دەستگیر نەکردووە، ”بەڵام ئێمە وەکوو خانەوادەی محەمەد لەتیف، چاوەڕێ دەکەین بزانین دۆسیەی دەستگیرکردنی بکوژەکان بە کوێ دەگات، ئەگەر بکوژەکان دەستگیر نەکران، ئەو کاتە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت، بەڵام جارێ ھەڵوێستی خۆمان بۆ ھیچ شوێنێک ئاشکرا ناکەین”.
شەوی شەممە (4ی کانوونی یەکەمی 2021) لە شاری سلێمانی داواکراوێک ڕووبەڕووی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی دەڵێت، داواکراوەکە هەڵهاتووە و تاوەکوو ئێستا بکوژەکان دەستگیر نەکراون.