عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک: پێویستە سەرۆکی حکومەت فریای چەمچەماڵ بکەوێت

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەسەر کەمی خزمەتگوزاریی چەمچەماڵ هاتە دەنگ و داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکات بە هانایانەوە بێت.

کەمکردنەوەی کارەبای قەزای چەمچەماڵ بەو ڕێژەیەی ئێستا لەکاتێکدا وێستگەی کارەبا و نیوەی کارەبای کوردستان لە چەمچەماڵە و بە سامانی سروشتی چەمچەماڵ کار دەکات،
خەراپی کەرتی تەندروستی لە چەمچەماڵ لە کەمی ئەجیزە و دەرمان و نەشارەزایی و بێ ڕێزی بەشێکی زۆر لە دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی بەو ڕادەیەی زۆرجار ھاوڵاتیان پێیان باشە لە ماڵەوە بمرن و نەچنە نەخۆشخانە حکومیەکانی چەمچەماڵ،
دروستکردنی کێشە بۆ باشکردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکە کە نزیکەی شەش مانگە بڕیاری لێدانی دە بیری ئیرتیوازی دراوە و ڕێگری لە جێبەجێ کردنی دەکرێت، ھەموو ئەمانە بە دەستی ئەنقەستە و ئیدارە و چەند بەڕێوەبەری فەرمانگە و ئەندازیار و نوسەری نابەرپرسی شارەکە بە پشتیوانی بەرپرسانی باڵای حکومی زۆنی سلێمانی دەستیان تێدا ھەیە و بەرپرسیارن لەو سزادان و بێ ڕێزیکردنە بە خەڵکی چەمچەماڵ.
پێویستە حکومەتی ھەرێم و بەڕێز سەرۆکی حکومەت فریای خەڵکی چەمچەماڵ بکەون و چارەسەری ئەو ئیدارەدانە سەقەت و بێ سەروبەرەی چەمچەماڵ بکەن، چونکە ھەر خێزانێکی چەمچەماڵی خاوەنی شەھیدێک یان زیاترن لەپێناوی کوردستاندا و شایەنی خزمەتکردن و ڕێز لێگرتنن نەک بەو شێوەیە ئیھانە بکرێن و توشی کاردانەوەی توند بکرێن.

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

ھەواڵی زیاتر