خاوەنی قورئانە دڕاوەکەی ھەولێر دۆزرایەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، خاوەنی ئەو قورئانە دۆزراوەتەوە کە لەسەر شەقامێکی هەولێر بە دڕاوی فڕێدرابوو و راستیی رووداوەکەی ئاشکراکردووە. خاوەنی قورئانەکە دەڵێت، رووداوەکە فڕێدانی قورئان نەبووە بەڵکو لێیان کەوتووە و دوایی پێیان زانیوە. 

 دوو رۆژ پێش ئێستا لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر قورئانێک بە دڕاوی دۆزرایەوە، عەباس محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی چۆنێتی رووداوەکە بە گ رووداوی راگەیاند، پێشنوێژی مزگەوتی ئەڵڵاهوئەکبەر لە گەڕەکی کوردستانی هەولێر لە کاتی نوێژی بەیانی بە نوێژخوێنانی گوتووە، “لەسەر قورئانەکە دەمەوێت هەندێک زانیاریتان پێ بڵێم” و باسی ئەوەی کردووە کە، پیاوێک هاتووەتە لای و روونکردنەوەی بۆ داوە لەبارەی ونبوونی قورئانەکە و زۆر نیگەران بووە لە رووداوەکە، هەروەها بەپێی قسەکانی عەباس محەممەد مامۆستا ئایینییەکە شاهێدی ئەوەی داوە کە “کەسەکە ئەهلی نوێژ و مزگەوتە”.

 لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە پێشنوێژی مزگەوتی ئەڵڵاهوئەکبەر گوتوویەتی: “دوو رۆژ پێش ئێستا دوای نوێژی تەراویح لە مزگەوت، پیاوێک لەگەڵ خێزانەکەیان لە شار دەڕۆنەوە بۆ گوند. لەکاتی بارکردنی هەندێ کەلوپەل قورئانێکیان لەنێو عەلاگەیەک داناوە و لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دایدەنێن، بەڵام دواتر بیریان دەچێت بیخەنەنێو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە، ئەوکاتەی دەگەنە گوندەکەیان بەدوای قورئانەکە دەگەڕێن، لەوێ بۆیان دەردەکەوێ کە لەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان بووە و جێیان هێشتووە و لە رێگە لێیان کەوتووە”. 

شەوی پێنجشەممە ئافرەتێک بە ناوی بنار سرێشمەیی ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە کە چەند لاپەڕەیەکی قورئان بە دڕاوی لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر کۆدەکاتەوە، ئەوەش کاردانەوە و تووڕەبوونی بەشێک لە خەڵکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەدواداهات. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دڕاندن و فڕێدانی قورئان ئاماژەی بەوە کرد، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی کردەوەکە بدۆزنەوە. بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە “ڤیدیۆکە ساختەیە، رووداوەکە دروستکراوە و ئامانج لێی خۆدەرخستن و خۆبەربژێرکردنە بۆ پەرلەمان”، بنار سرێشمەیی لەو بارەوە بە رووداوی راگەیاند”ڤیدیۆی قورئانەکە نە سیناریۆیە نە بەنیازی خۆبەربژێرکردنم، سەر بە هیچ حزبێک نیم بە ئیسلامییەکانیشەوە، بە رێکەوت بەو شوێنەدا تێپەڕیم”. 

ھەواڵی زیاتر