سبەی شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

بڕیارە سبەی دووشەممە شاندێکی باڵای وەزارتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆببێتەوە.

عەمید هەژار ئیسماعیل، بەرپرسی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی راگەیاند، سبەی دووشەممە شاندێکی باڵای وەزارتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە.

شاندەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق چەند تەوەرێک لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ دەکات، لەوانە

یەک: دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و نەینەوا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هەیە.

دوو: دروستکردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە جێناکۆکەکان.

سێ: دانانی بازگەی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەروازەی شارەکان لە کەرکووک، دیالە و نەینەوا، هەروەها دروستکردنی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.

ئەم کۆبوونەوەیە چوارەم کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت. پێشتر لە مانگی حوزەیرانی 2019 دوو کۆبوونەوە کرابوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەنێوانیاندا نەکراوە.

ھەواڵی زیاتر