نان نەخواردنی مناڵ لەدوای تەمەنی دوو ساڵیەوە

زۆرترین کێشە کە ڕوبەڕوی دایکان و باوکان دەبێتەوە ئەوەیە کەمناڵەکانیان نان ناخۆن یان زۆر کەم ئەخۆن.
زۆرگرنگە لەکاتی بونی ئەم کێشەیەدا سەردانی پزیشک بکرێت بۆ دەست نیشان کردنی هۆکارەکەی.
٭٭٭هۆکارەکانیش ئەمانەن:-
١. هەندێک جارئەشێت کەم خواردن پەیوەندی بە کێشەیەکی تەندروستیەوە هەبێت و پێویستە چارەسەر بکرێت.
٢. زۆرجار کەمی نان خواردن پەیوەندی هەیە بە ناڕێکی لە ژەمەکاندا و خواردنی بڕێکی زۆر لەنێوانە ژەمەکان، (بڕێکی زۆر شیر، میوە، شەربەت، بسکیت، ساردەمەنیە غازیەکان٫ جبس، کێک……)
٭٭ ئەوەی زۆر ڕوبەروی ئێمە دەبێتەوە خاڵی دووەمە، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە گرنگە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت.
١. گەدەی مناڵ بچوکە. ئەگەر هەر شتێک پێش ژەمەکان بخورێت ئەبێتە هۆی ئەوەی کە مناڵەکە ئارەزوی خواردنی نەمێنێت و نانەکەی نەخوات، ئەمەش وادەکات دوای ژەمەکان برسی ببێتەوەو لەوانەیە بە خواردنێک خۆی تێر بکات کە هیچ خۆراکە بەهایەکی نیە (ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ لاوازی و کەم کێشی) لەبەر ئەوە زۆر گرنگە یەک سەعات و نیو پێش نان خواردن هیچ شتێک نەدرێت بە مناڵ.
٢.بە هیچ شێوەیەک نابێت زۆر لە مناڵەکە بکەیت کە نان بخوات، چونکە ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆ کێشەی گەورە ترو ڕق لێبونەوەی خواردن.
٣.دایک و باوک دەبێت هەردوکیان ئامادەییان تێدا بێت و هەمان هەڵسوکەوتیان هەبێت بۆ گۆڕینی خووی مناڵەکە.
٤.گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە لەبری نان خواردن شیر یان هەرخواردنێکی تر بدرێت بە مناڵ (بەبیانوی ئەوەی کە هیچی نەخواردوە) لەبەر ئەوە بە مناڵەکەت بڵێ کە ئەبێت چاوەڕێ بکات بۆ ژەمی داهاتوو وە هیچی مەدەرێ (بەم شێوەیە مناڵەکە وا لێدەکەیت هەستی برسێتی لا دروست ببێت)چونکە ئەگەر وانەکەیت بێگومان کێشەکە چارەسەر نابێت و بەرەو خراپتر دەڕوات
٥. مناڵ سێ ژەم و دوو بۆ سێ نێوانە ژەمی پێویستە.
٦. لە دووجار زیاتر شیر مەدە بە مناڵەکەت.
٧. ئەم کێشەیە لە ماوەی چەند ڕۆژێک دا چارەسەر نابێت. گرنگە کۆڵ نەدەیت و بەم شێوەیە بەردەام بیت. بەلایەنی کەمەوە ٣ بۆ ٤ هەفتەی دەوێت تا مناڵەکە دەست دەکاتەوە بە خواردن
د.تارا علی بابان
پزیشکی پسپۆڕی گەشەوخۆراکی مناڵان

ھەواڵی زیاتر