وەزیری دارایی عێراق: گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان دروست نابێت

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنێکی نوێ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و جەخت دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نابێت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی وەزیری دارایی عێراقی کرد. لەم دیدارەدا بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.

د. زیرەک زێباری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ناوبراو بەڵێنیدا کە گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت و چیتر پرسی مووچە ناکرێتە کارتی فشار بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

هاوکات، وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو لەمەودوا هاوشانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت.

ئەم پێشهاتە ئەرێنییە لە کاتێکدایە کە ئێستا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی دەستپێکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە شاری بەغدایە؛ پرسێک کە ڕاستەوخۆ بە شایستە داراییەکان و بژێوی مووچەخۆرانەوە بەستراوەتەوە.

ئەم گۆڕانکاریانە دوای ئەوە دێن کە لە ڕۆژانی 23 و 24ـی مانگی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامدا.

له‌ چوارچێوه‌ی ئەو سەردانەدا و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کەردستان دابوو کە لەمەودوا هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت.

ھەواڵی زیاتر