لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش، گۆڕانکاری لە لیستی خانەنشینانی پێشمەرگەدا کراوە، ناوی 150 خانەنشینی نوێ لە سیستەمی پەیڕۆڵدا جێگیر کراوە. بەپێی بڕیارەکە، ئەم خانەنشینە نوێیانە لەم مانگەدا دوو مووچە بەیەکەوە وەردەگرن، کە پێکهاتووە لە مووچەی مانگی شەش و مووچەیەکی دیکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆوە بۆی دابین کردوون.
هۆکاری پێدانی دوو مووچە چییە؟
بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی ئەو مانگانە خەرج دەکات کە ناوەکان تێیدا تۆمار کراون، بۆشاییەکی دارایی بۆ ئەو خانەنشینانە دروست ببوو کە مامەڵەکانیان دواکەوتبوو. بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە مووچەیەکی زیادە لە داهاتی ناوخۆ بۆ ئەو خانەنشینانە خەرج بکات، تاوەکو ئەو کاتەی لە بودجەی ساڵی 2026ـدا کورتهێنانی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە پەسەند دەکرێت و کۆتایی بە کێشەکە دێت.
زیاتر لە 250 دۆسیەی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان
سەبارەت بە بەردەوامیی پرۆسەکە، حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دۆسیەی 104 ئەفسەر لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی دەرچوونی فەرمانی هەرێمین بۆ تەواوبوونی ڕێکارەکانی خانەنشینبوونیان.”
ئاماژەی بەوەش کرد زیاتر لە 150 دۆسیەی دیکەی خانەنشینی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراون، بۆ ئەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا ناوەکانیان بچێتە سیستەمەکەوە و مووچەکانیان بۆ ببەسترێت.