بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی دانیشتنێکی دیکە بۆ دادگاییکردنی لاهوور و پۆڵاد تاڵەبانی و 10 لە گیراوانی لالەزار بەگوێرەی ماددەی 56 بەڕێوەببات.
تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک سکاڵاکار لە دادگا ئامادە دەبن یان نا. پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت ئامادەبوونی ئەوان بۆ پرۆسەکە “گرنگ نییە”.
لەبارەی هۆکاری هەڵگرتنی دانیشتنی پێشوو، دانیشتنی پێنجشەممەی ڕابردوو بەهۆی ئامادەنەبوونی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو. دادگا هێشتا لە قۆناغی وردبینی شکلییە و نەگەیشتووەتە ناوەڕۆک؛ بەتایبەت دۆسیەی ماددەی 406 کە هێشتا وردبینی تێدا تەواو نەکراوە.
لایەنگرانی بەرەی گەل و پارێزەرانی گیراوانی لالەزار نیگەرانن لەوەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تەمییز نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی دادگای تەمییز داوای دۆسیەکەی کردووە.
شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل ڕایگەیاند، پێویستە سکاڵاکارەکان ئامادەبن و ئەگەر بەڵگەیان هەیە بیخەنە ڕوو، دادگاش دەبێت سنوورێک بۆ نادادی دابنێت.