ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پڕۆژەی شەقامی 40 مەتری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ڕووی هاووڵاتیاندا دەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، گەڕەکی ئازادی بە هۆڵی بۆنەکان دەبەستێتەوە و سیمایەکی شارستانی نوێ بە ناوچەکە دەبەخشێت.
تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە:
درێژی و پانی: درێژییەکەی زیاتر لە 3 کیلۆمەترە و پانییەکەی 40 مەترە.
پردی ستراتیژی: پڕۆژەکە پردێکی تێدایە بە درێژایی 290 مەتر و بەرزی 32 مەتر، کە بە یەکێک لە بەرزترین پردەکانی هەرێم و عێراق دادەنرێت.
هەر سایدێکی لە سێ هێڵی هاتووچۆ، سیستەمێکی مۆدێرنی ئاوەڕۆ و شۆستەی پیادە پێکدێت.
ئەم شەقامە دەبێتە دووەمین دەروازەی سەرەکی بۆ ناو سەنتەری سۆران. جگە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ، ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بوژانەوەی ئابووری و ئاسانکاری بۆ گەشتیارانی ناوچەکە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 50 ملیار و 179 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە، 350 کارمەند و کرێکار، لەگەڵ 14 ڕووپێو و 10 ئەندازیار کاریان تێدا کردووە. لە مانگی شوباتی 2024 دەستیپێکرد، لە وادەیەکی پێوانەییدا تەواو کرا.