زیانەکانی زۆر بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و مۆبایل لەسەر جەستەمان

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر و مۆبایل، هێندەی تر زیاتر ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنین، ئەمەش بێگومان بێ زیان نابێت لەسەر تەندروستیمان، بە تایبەتی ئەگەر بێت و لە ڕادەبەدەر بەکاریان بهێنین. بەپێی پزیشکان زیانەکانی گەلێک زۆرن و کاریگەرییان لەسەر تەواوی جەستەی مرۆڤ دەبێت.

دکتۆر ئەبوبەکر مەنگۆڕی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو، لەوبارەتەوە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: “زیانی شاشە دیجیتاڵییەکانی وەک مۆبایل، کۆمپیوتەر و شاشەکان ناتوانرێت بڵێین بە تەواوی دەبێت وازی لێبهێنرێت، بەڵام با بڵێیین کاریگەرییەکانی بەو جۆرەیە دەکەوێتە سەر رێژەی بەکارهێنانەکەی، هەتا زیاتر بێت کاریگەری زۆرتر دەبێت و خراپتر و زووتر دەردەکەوێت، هەتا کەمتریش بێت ڕەنگە کاریگەری نەبێت یاخود کەمتر بێت.”

“بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی فراوان وەها دەکات کەسەکە هەم لە نزیکەوە بڕوانێت و هەم زیاتر لە ماڵ یان لە ئۆفیس بێت و نەچێتە دەرەوە، گرفتەکەش ئەوەیە بینین لە نزیکەوە ماسولکەکانی چاو گرژ دەکات و فشار دەخاتە سەر چاو، بەپێچەوانەوە چاو ئەگەر بۆ دوور بڕوانێت ماسولکەکانی چاو دەچنە حاڵەتی (ڕیلاکس-پشووە)ەوە، بۆیە یەکێک لە ڕێنماییەکان ئەوەیە هەموو کەس ڕۆژانە بۆ دوو کاتژمێر بچێت بۆ دەرەوە یان هەر هیچ نەبێت لە باڵکۆنی یان پەنجەرەیەکەوە بۆ ماوەیەک بڕوانێتە دەرەوە.”

“ئەو گرفتەی کە زۆر بەربڵاوە لە بەکارهێنانی شاشەکان، بریتییە لە وشکبوونەوەی چاو، وە هەروەها شیبوونەوەی تۆڕی بینینی چاو ،کە ئەو تیشکە شینەی لە شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئایپادەوە دەردەچێت کاریگەری هەیە لەسەر زووتر دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لەسەر چاو، کە ئێستا خەڵک لە دوای پەنجا ساڵییەوە تووشی دەبێت، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە کە پێش دروستبوونی شاشەکانی مۆبایل بەو جۆرە نەبوو.”

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر سۆران محمد غريب، پسپۆڕی هەناوی و ڕۆماتیزم، ئاماژە بەوەدەکات: “بەکارهێنانی مۆبایل و شاشەکان کاریگەری زۆری لەسەر جەستە بە ئێسک و جومگە و هەناویشەوە هەیە، بۆ نمونە ئەوانەی زۆر مۆبایل و کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن سەریان بۆ پێشەوە دادەنەوێنن، کە خۆی لە باری ئاساییدا سەری مرۆڤ 4 هەتا 5 کیلۆیە، بەڵام لەو حاڵەتەدا 27 کیلۆ کێشی سەرت زیاتر دەبێت لەسەر بڕبڕەی مل بەپێی توێژینەوە نوێییەکان سەلمێنراوە، ئەمەش هۆکارە بۆ مل ئێشە و پوکانەوەی بڕبڕەکانی مل، لە کاتێکدا ئەمە لە کەسانی بە تەمەن دروست دەبێت، بەڵام ئێستا بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر و شاشەکان و دانەواندنی مل بە زۆری لە تەمەنی زووتردا لە گەنجاندا دەردەکەوێت، ئەم پوکانەوەی بڕبڕەی ملەش دەبێتە هۆی مل ئێشە و ئازاری شان و تێکچونی خەو و تەرکیز لاواز دەکات، وە هەندێک لە توێژینەوەکان دەڵێن ئەگەری تووشبوونی شێرپەنجەش لە بەکارهێنەرانی زۆری مۆبایل و شاشەکان زیاتر هەیە.”

“ئێستا حاڵەتێکی نوێ دۆزراوەتەوە پێی دەوترێت تێکست کڵۆ Text claw دەبێتە هۆی نوشتانەوەی ئەو پەنجە و ئازار، سەرەڕای ئەوەی دەستلەرزین و سڕبوونی قۆڵ ئەمانە هەمووی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە زۆر مۆبایل بەکاردەهێنن و تێکست دەکەن یان کۆمپیوتەر و تابلێت و ئامێرەکانی تر بەکاردەهێنن.”

“ئێستا گەنجێکی زۆر دووچاری مل ئێشە بوون بێ هیچ نەخۆشیەکی دیاریکراو جگە لە زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر، یان کێشەی پەنجە بە تایبەت پەنجە گەورەی دەست لەبەر ئەوەی زۆر بەکاردەهێنرێت لە کاتی نووسیندا.”

“بەدڵنیایی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر و شاشەکان وەک ئاماژەمان پێکرد تیشکیان هەیە ئەو ئامێرانە، بەدڵنیاییەوە ئەو تیشکانە کاریگەری هەیە لەسەر سەرجەم ئەندامەکانی ناوەوە، هەر لە مێشک و دڵ و سەرجەم ئۆرگانەکان، ڕێژەی شێرپەنجە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کەسانی بەکارهێنەرانی زۆری مۆبایل و کۆمپیوتەوە ئەگەری تووشبوونیان زۆر زیاتر هەیە، ئیتر شێرپەنجەیەکی دیارکراو نا، بەڵکو هەموو جۆرەکانی، چونکە تیشکەکانی کە ئێمە نابینین کاریگەری لەسەر هەموو ئەندامەکان هەیە، بۆ نمونە بەهۆی دروستبوونی سترێسەوە لێدانی دڵی زیاد دەکات و دڵی پەلە پەل دەکات، یان گەنجمان بۆ دێت لەبەر زۆری بەکارهێنانی مۆبایل و ئەو ئامێرانە تووشی سترێس بووە و پەنجەی خۆی دەخوات و سترێسی زۆر بووە.”

“من خۆم توێژینەوەیەکم خوێندەوە، کە توێژینەوە کرابوو لەسەر چەند جرجێک، ژمارەیەک جرجییان بۆ چەند سەعاتێک مۆبایلیان لێبەستبوون و تیشکەکەیانی لێدەدان، ژمارەیەکیشیان دووریان خستنەوە و تیشکیان بەرنەدەکەوت، دوای چەند کاتژمێرێک فشاری خوێنیان بۆ گرتن ئەو کۆمەڵە جرجەی مۆبایلیان لێبەسترابوو پێنج پلە فشاری خوێنیان بەرزتر بوو لەوانەی دووربوون لە شاشە و تیشکەکانی مۆبایلەکان.”

ھەواڵی زیاتر