یەکەم کاروانی حاجییان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعوودیەوە دەستیپێکرد و یەکەم کاروان گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەسپێکی گەڕانەوەی حاجییان: “کاتژمێر4:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی حاجییان لە مەدینەی منەوەرەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەرێکەوتن و کاتژمێر7:00ـی بەیانی گەیشتنە فڕۆکەخانەی هەولێر.”

هەر ئەمڕۆ، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەبوو و پێشوازی لە حاجییان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی حەج و عومرە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە رێگەی7 فڕۆکەوە، کۆی گشتیی هەزار و 27 حاجی بگەڕێنەوە، کە بەم شێوەیە دابەشبوون:

4 فڕۆکە بۆ حاجییانی پارێزگای هەولێر.

2 فڕۆکە بۆ حاجییانی پارێزگای دهۆک.

1 فڕۆکە بۆ حاجییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە، ئاسانکاری زۆریان بۆ حاجییان کردووە بۆ ئەوەی بەبێ گرفت فەریزەی حەج بەجێبهێنن.

ھەواڵی زیاتر