چۆن پڕۆژەی “ڕووناکی” بووە شۆڕشێک لە کەرتی وزە و ژینگەی هەرێمی کوردستاندا

پڕۆژەی “ڕووناکی” بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنێکی بەرچاو تۆمار دەکات. بەپێی دوایین ئامارەکان، پڕۆژەکە توانیویەتی کارەبای بەردەوام و بێ پچڕان بۆ 85٪ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بەرەو کۆتاییهێنان بە قەیرانی مێژوویی کارەبا لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.

دەستپێك و ڕاگەیاندنی فەرمیی پڕۆژەی ڕووناکی

پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕۆژی 25ی تەمووزی 2024 بە کرداری دەستی پێکرد. لە 17ی تشرینی یەکەمی 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە گەڕەکی شادیی شاری هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیێنرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

ژمارەی سوودمەندبووانی پڕۆژەی ڕووناکی

پڕۆژەکە لە ماوەیەکی پێوانەییدا ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ کردووە، کە ئامارە سەرەکییەکانی بەم شێوەیەن:

ژمارەی هاووڵاتیانی سوودمەند: پێنج ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی.

ماڵە تۆمارکراوەکان: زیاتر لە 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.

موڵکە بازرگانییەکان: 153 هەزار ناوەندی بازرگانی.

کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان لەسەر کوردستان

جگە لە دابینکردنی وزە، پڕۆژەی ڕووناکی کاریگەرییەکی ته‌ندروستی و ژینگەیی گەورەی بەسەر ناوچەکەوە جێهێشتووە. بەهۆی بەردەوامیی کارەبای نیشتمانییەوە:

زیاتر لە پێنج هەزار و 900 مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە دەردانی ساڵانەی نزیکەی 1.1 ملیۆن تۆن گازە زیانبەخشەکان بەتایبەت گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ($CO_2$) بۆ ناو هەوای هەرێمی کوردستان.

ئامانجی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی

لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەشێکی زۆری جۆگرافیای هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و گەیشتووەتە سەنتەری پارێزگاکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە. هەروەها سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکانی، سۆران، زاخۆ و ڕاپەڕین.

کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی چڕی داناوە تاوەکو بە تەواوبوونی ساڵی 2026، ڕێژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنێتە 100٪ و سەرجەم ناوچە، قەزا و گوندەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە کێشەی بڕانی کارەبا ڕزگار بکات.

ھەواڵی زیاتر