سبەی پەرلەمانی عێراق متمانە بە کابینەکەی عەلی زەیدی دەدات
بڕیارە سبەی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کارنامە و وەزیرانی کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی کۆببێتەوە، لە کاتێکدا بەشێک لە وەزارەتەکان بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆبوونەوەکە سبەی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت. تەوەرە سەرەکییەکان بریتین لە: دەنگدان لەسەر کارنامەی حکومەتی نوێ و دەنگدان لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکان.
مەشرق فەرێجی، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی (نازل ئاخد حەقی) ئاشکرای کرد کە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە بتوانرێت “نیوە کۆ یەک”ی وەزارەتەکان تێپەڕێنرێن. ئەمەش ئەو ڕێژە یاساییەیە کە دەستوور دیاریکردووە بۆ ئەوەی حکومەتێک بە فەرمی متمانە وەربگرێت و دەستبەکار بێت.
سەرەڕای هەوڵەکان، بڕیارە دەنگدان لەسەر نزیکەی شەش وەزارەت و پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران دوابخرێت بۆ دوای پشووی یاسایی پەرلەمان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە: هێشتا لایەنەکان لەسەر ناوی کاندیدەکان ڕێکنەکەوتوون. وەزارەتەکانی نەوت و دارایی دیارترین خاڵی ناکۆکین لە نێو ماڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی 23 وەزارەتی ڕاسپێردراوە، لە کۆتایی ئەو وادە 30 ڕۆژییە دەستوورییە نزیک دەبێتەوە کە بۆی دیاریکراوە. تێپەڕاندنی زۆرینەی وەزارەتەکان لە کۆبوونەوەی سبەیدا، ڕێگری دەکات لە تێپەڕبوونی کات و کەوتنی کاندیدەکە، بە جۆرێک کە وەزارەتە پڕنەکراوەکان بۆ قۆناغی دواتر دەمێننەوە.
دەستووری عێراق مەرجی داناوە دەبێت زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بە (نیوە کۆ یەک)ی وەزیرەکان بدەن تاوەکو حکومەت شەرعییەتی دەستبەکاربوونی هەبێت.