وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون چڕکردووەتەوە و بودجەی پێویستی بۆ کڕینی دەرمان و ڕشاندنی ئاژەڵان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابین کردووە.
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ بڕی 100 ملیۆن دیناری بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کردووە و پارەکە راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان تاوەکو کڕینی دەرمان دوانەکەوێت.
لە ئیدارەی زاخۆ دەرمانەکان کڕدراون و لە مانگی رابردووەوە پرۆسەی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکان دەستیپێکردووە بۆ لەناوبردنی “گەنە” کە سەرچاوەی سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام مەترسییەکان بەردەوامن.
لە کەرکووک: یەکەم حاڵەتی تووشبوون لە 7ی ئایاری 2026 کە ژنێک بووە، تۆمارکراوە.
ئاماری ساڵی ڕابردوو: لە هەرێمی کوردستان 11 تووشبوو هەبوون (3 گیانیان لەدەستدا)، و لە کەرکووک 5 تووشبوو (4 گیانیان لەدەستدا).
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری ئاماژەی بەوە کرد کە داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان پشت بەو بودجەیە دەبەستێت کە لە ساڵی 2023ـەوە وەک بودجەی فریاگوزاری (2 ملیار و 700 ملیۆن دینار) بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ نەخۆشییەکە لە رێگەی گەنەوە دەگوازرێتەوە و نیشانەکانی سەرئێشە، ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو، سکچوون و رشانەوەی خوێناوی لەگەڵە.